ھەولێر و بەغدا لەسەر سنوورەکانی کوردستان و مەترسییەکانی پەکەکە لێژنەیەکی باڵا پێک دەھێنن

ھەولێر و بەغدا لەسەر سنوورەکانی کوردستان و مەترسییەکانی پەکەکە لێژنەیەکی باڵا پێک دەھێنن
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ئاشکرای دەکات لەبارەی ئەمنیەتی سنوورەکانی کوردستان و مەترسییەکانی پەکەکە، لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق کۆبوونەوەیان کردووە و لێژنەیەک پێک دەھێنن.

تادێت دەست وەردانی پەکەکە لە سنووری ھەرێمی کوردستان فراوان دەبێت و ھەفتەی رابردوو لە سیدەکان و لە شەنگال چالاکیی سەربازیان ئەنجام داوە بەو ھۆیەشەوە تورکیا بەردەوامە لە تۆپبارانکردنی سنوورەکانی کوردستان، ئەمە جگە لەوەی لە ناوچەکانی ئامێدی و سنووری نێوان ھەڵەبجە و ئێران پەکەکە بوونی ھەیە و تا ئێستا زیاتر لە دەیان گوند لە سنوورەکانی کوردستان بەھۆی پەکەکەوە چۆڵ کراون.

لەمبارەوە لیوا بابەکر فەقێ، بەرێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕايگەایند: "لە دوا کۆبوونەوەی ھەردوو شاندی وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق لەسەر ئەمنییەتی سنوورەکانی کوردستان قسە کراوە و بڕیارە بەرنامە و پلان و کۆبوونەوەی دیکە لەو بارەوە لەگەڵ بەغدا ھەبێت، چونکە ھەم سەروەریی عێراق و ھەم ئەمنیەتی سنوورەکانی کوردستان کەوتوونەتە ژێر پرسیارەوە".

ھاوکات نزار غەفار، ئەندامی لێژنەی ناوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان گوتی: "ئەمە پرسێکی سیاسی و سیادییە و دەبێت ھەولێر و بەغدا چارەسەری بکەن و وەزارەتی ناوخۆ گرنگە روونکردنەوە لەو بارەوە بدات و کاتی ئەوە ھاتووە لەسەر ئاسایشی سنوور ھەولێر و بەغدا رێککەوتن بکەن".

ھاوکات لەمبارەە لیوا بابەکر زێباری، سەرۆک ئەرکانی پێشووی سوپای عێراق ڕايگەیاند: "پەکەکە پاشەکەشێ ناکات و گوێ بە ھیچ رێککەوتن و لێگەیشتنێک نادات و دۆخی سنووری کوردستانیش بەم شێوەیەی ئێستایە، بۆیە گرنگە پەلە بکرێت لە کۆبوونەوەی لووتکەی باڵا لە نێوان ھەولێر و بەغدا تا پرسی ئەمنیەتی سنوورەکان چارەسەر بکرێت، ئەگەر نا پەکەکە لەوەی ئێستا ھەیە خراپتر دەکات".












باسنيوز
Top