بەیان سامی: ئەمریکا بایەخ بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ کوردستان دەدات
بەیان سامی عەبدولڕەحمان، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەمریکا، بەریتانیا و ئەڵمانیا بە مەرجی چاکسازیکردن، بەردەوام دەبن لە هاوکاریکردنی پێشمەرگە.
بەیانی سامی عەبدولڕەحمان هەروەها رایگەیاندووە، ئەوان وەک نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەمریکا لەبارەی هاوکاریی دارایی ئەمریکا بۆ عێراق، کە لە بودجەی 2020ـی ئەمریکا جێی دەکرێتەوە و بەشێکیش بۆ هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا ئاماژەی بە تێڕوانینی بەرپرسانی ئەمریکا لەبارەی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و درەنگکەوتنی پێکهێنانی کردووە و رایگەیاندووە، ئەمریكییەکان پێیان خۆش نییە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ دوا بكەوێت، بەڵام ”دەستێوەردان ناكەن و پەلەی لێ ناكەن“.
بەیان سامی عەبدولڕەحمان جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ئەمریکا پێویستیی بە هەرێمی کوردستانە و کوردستانیش پێویستیی بە ئەمریکایە، ”ئێمە لای ئەمەریکییەكان نموونەیەكی سەركەوتووین لە عێراق و ئەوەش دەربڕینی ئەمریكییەكان خۆیانە، كە كوردەكان پێویستن بۆ پرۆسەی دیموكراتیزەكردن و بەمەدەنیكردنی عێراق“.
هەروەک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، ”لەمەودوا“ پەیوەندییەکانی هەولێر و واشنتن ”فراوانتر و بەهێزتر“ دەبن.
خاتوو بەیان، کە لێدوانی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، پێی وایە دروستکردنی گەورەترین کونسوڵخانەی ئەمریکا لە جیهان لە شاری هەولێر نیشانەی بایەخپێدانی ئەمریکایە بە هەرێمی کوردستان، ”لە دیپلۆماسییەتدا، تەنانەت دانان و شوێنی ئاڵایەک، یان کورسییەک، مانا و مەغزای خۆی هەیە، شێوە و قەبارەی كۆنسووڵگەرییەكی لەو جۆرەش لە هەرێمی کوردستان ڕەنگدانەوەی بایەخپێدان و گرنگیی كوردستانە لای ئەوان".
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان هیوای خواستووە لە مانگی داهاتوو (مانگی 6ـی 2019)بتوانن شاندێکی ئابووریی و بازرگانیی ئەمریکا بهێننە هەرێمی کوردستان، ”تا ئێستا 12 كۆمپانیا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن و پێشبینی دەكەم ئەم ژمارەیە زیاتریش بكات“.
باسنيوز
