سبەی یەکشەممە دابەشکردنی مووچە دەست پێ دەکات
ئامادەکارییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لەم هەفتەیەدا ئەو وەزارەتانە مووچەیان پێ دەدرێت.
رۆژی ١٩ی نیسانی ٢٠١٩، ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە بە فەرمی ڕایگەیاند، حکوومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە لە ٥ی هەر مانگێکەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکات و ٢٥ی مانگیش کۆتایی بە دابەشکردنی مووچە دەهێنێت. بەو پێیەش، سبەی یەکشەممە ٥ی ئایاری ٢٠١٩، دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات دەست پێ دەکات.
- ڕۆژی یەکشەممە ٥ی ٥ی ٢٠١٩: وەزارەتی پێشمەرگە
- ڕۆژی دووشەممە ٦ی ٥ی ٢٠١٩: هەردوو یەکەی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگە
- ڕۆژی سێشەممە ٧ی ٥ی ٢٠١٩: وەزارەتی پەروەردە
- ڕۆژی چوارشەممە ٨ی ٥ی ٢٠١٩: وەزارەتی تەندرووستی
- ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی ٥ی ٢٠١٩: وەزارەتی دارایی و ئابووری لەگەڵ مووچەی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان
ئەمە لە کاتێکدایە کە دوێنێ هەینی ٣ی ئایاری ٢٠١٩، ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی، لە میانی پێشوازیکردنی لە شاندێکی فەڕەنسی رای گەیاندبوو: ”ئێستا مووچە لە کاتی خۆیدا دەدرێت، توانراوە نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن دۆلار قەرزی وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا بدرێتەوە لەگەڵ ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری بەڵێندەرانی ناوخۆ و بیانی و ٢٦٠ ملیۆن دۆلاری قەرزی بانکە ئەھلییەکان.
ڕوونیشی کردووەتەوە، بەغدا ٤٥٣ ملیار دینار بۆ مووچە دەنێرێت، بەڵام ”ئێمە بۆ مووچە پێویستیمان بە ٨٨١ ملیار دینارە، بۆ مووچەی پێشمەرگەش لە یاسای بودجەی عێراقدا ٦٨ ملیار دیناری مانگانە دیاری کراوە، بەڵام مانگانە ١٥٠ ملیار دینار بۆ مووچەی پێشمەرگە پێویستە، ھەرچەندە تاوەکوو ئێستا بەغدا ھیچ بڕە پارەیەکی بۆ مووچەی پێشمەرگە نەناردووە“.
باسنیوز
