عه‌بدولمه‌هدی: پەیوەندیی هەولێر و بەغدا لە باشترین دۆخدایە

 عه‌بدولمه‌هدی: پەیوەندیی هەولێر و بەغدا لە باشترین دۆخدایە
ئەمڕۆ هەینی لە دوای دیدارێكی فەرمیدا لەگەڵ ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا، عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە ئێستە پەیوەندیی هەولێر و بەغدا لە باشترین دۆخدایە.


عەبدولمەهدی رایگەیاند كە دۆخی عێراق لە هەموو ڕووێكەوە باشتر بووە، ئەمەش لە ئەنجامی باشبوونی پەیوەندییە سیاسییەكانە، لەوانەش پەیوەندییەكانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حكوومەتی عێراق.


گوتیشی ناكۆكی هەن، بەڵام بە دیالۆگ و گفتوگۆ چارەسەر دەكرێن، ده‌شتوانن زۆربه‌ی كێشه‌كانی‌ شنگال و نه‌ینه‌وا و نه‌وت و ده‌روازه‌ گومرگییه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ن.


سەرۆك وەزیرانی عێراق پەسنی پێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی هەولێر و بەغدای دا لە ڕووی چارەسەركردنی كێشەی خاڵە سنوورییەكان و گوتی لەوەتەی 1990ەوە پێناسی گومرگی هەرێمی كوردستان و عێراق جیا بووە یه‌كه‌م جارە پێناسه‌یه‌كی یه‌كگرتوومان هەبێت بۆ باجه‌كانی گومرگ كه‌ بۆ ته‌واوی عێراق جێبه‌جێ ده‌كرێت.


لای خۆیەوە ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا گوتی سه‌قامگیری له‌ عێراق بۆ فه‌ره‌نسا و ناوچه‌كه‌ش گرنگه‌. گوتیشی دیموكراسیه‌تێكی گشتگیر مه‌رجێكی بنه‌ڕه‌تیه‌ بۆ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی.


ماكرۆن هەروەها رایگەیاند كە فه‌ره‌نسا ده‌یه‌وێ وه‌ك هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی له‌ سه‌قامگیری عێراق و شه‌ڕی تیرۆر بمێنێته‌وه‌ و هه‌روه‌ها پاراستنی سنووره‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان، له‌ چوارچێوه‌ی به‌شداریكردن و راهێنانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.




باسنیوز
Top