تورکیا جگە لە نەوتی کوردستان، هیچ بژارەیەکی گونجاوی دیکەی نییە
سەنتەری (بیت العراق بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی) لە ڕاپۆرتێکدا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی بڵاوی کردووەتەوە، بە وردی باسی لە دۆخی وزەی تورکیا کردووە و نەیشاردووەتەوە کە بەهۆی سزاکانی سەر ئێران، تورکیا بە ناچاری دەبێت بەدوای جێگرەوەی نەوتەکەی ئێراندا بگەڕێت و باشترین و گونجاوترین جێگرەوەش، کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان و نەوتی کەرکووکە.
ئەمەش دەقی ڕاپۆرتەکەیە:
نەوتی کوردستان، جێگرەوەی نەوتی ئێران بۆ تورکیا
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، دووشەممەی ڕابردوو بە فەرمی کۆتاییهاتنی ئەو ماوەیەی ڕاگەیاند کە بە هەندێک وڵات درابوو بۆ کڕینی نەوت لە ئێرانەوە، تورکیاش یەکێکە لە دراوسێ گرنگەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتیشدا کڕیارێکی سەرەکیی نەوتی ئێرانە لە دوای چین و هیند، بەو هۆیەشەوە زیانێکی گەورەی لە سیاسەتی نوێی ئەمریکا بەرامبەر بە ئێران بەردەکەوێت، لە کاتێکدا هەر خۆی نرخی سووتەمەنی لە تورکیا بەرز بوو، بەو هۆیەشەوە حکوومەتی ئەو وڵاتە نەیتوانیبوو کێشەی بەرزبوونەوەی نرخەکان و هەڵاوسان چارەسەر بکات.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی داوای لە وڵاتانی کڕیاری نەوتی ئێران کرد، نەوتی وڵاتانی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت، وەک سعوودیە و ئیمارات بکڕن، هەرچەندە ئەو دوو دەوڵەتەش ناتوانن قەرەبووی ئەو بڕە نەوتە بکەنەوە کە لە بازاڕەکانی جیهاندا بەهۆی نەوتی ئێران کەم دەبێتەوە، ئەوەش دەرمانی دەردی تورکیا نییە، چونکە تورکیا نایەوێت بەناچاری نەوت لە سعوودیا و ئیمارات بکڕێت کە هەردوو وڵات کێشەی سیاسییان لەگەڵیدا هەیە.
لە ڕووی تەکنیکیشەوە، پاڵاوگەکانی تورکیا، بەتایبەتیش پاڵاوگە حکوومییەکان، لەلایەن کۆمپانیای (تۆبراش) بەڕێوە دەبردرێن، ئەو کۆمپانیایانەش وا درووست کراون کە نەوتی قورسی وەک نەوتی ئێران بپاڵێون، بۆیە ئەگەر تورکیا ناچار بێت نەوتی خاو لە جۆرێکی دیکە بکڕێت، ئەوا لەسەری پێویستە گۆڕانکاری لە پرۆسەی پاڵاوتندا بکات کە ئەویش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی تێچوونی پاڵاوتن و بەرهەمهێنانی سووتەمەنی.
باشترین جێگرەوەی نەوتی ئێران بۆ تورکیا، نەوتی قورسی ئۆڕاڵی ڕووسیا و نەوتی قورس و مامناوەندیی هەرێمی کوردستانە، ڕووسیا لە ڕووی جوگرافییەوە لە تورکیا دوورە و گواستنەوەی وشکانیی نەوتی ئۆڕاڵی ڕووسیا تێچوونێکی زیاتر دەخاتە سەر خەرجیی بەدەستهێنانی نەوتی خاو لەلایەن تورکیاوە، بۆیە باشترین بژارە لەبەردەم تورکیا کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستان و نەوتی کەرکووکە کە لەگەڵ پاڵاوگەکانی (تۆبراش) گونجاون.
دوای دەست پێکردنی کرداری هەناردەکردنی ڕاستەوخۆی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستەکانی ساڵی ٢٠١٤، تورکیا ڕاستەوخۆ کڕینی نەوتی هەرێمی کوردستانی سنووردار کرد، ئەوەش بە هۆکاری سیاسی و تاوەکوو بەغدا لە دژی خۆی نەبزوێنێت، هەرچەندە ڕێگەی دا بە گواستنەوەی نەوتەکە وئاسانکاریشی بۆ هەرێمی کوردستان کرد تاوەکوو نەوتەکەی لە ڕێگەی بەندەری جەیهانەوە بگەیەنێتە بازاڕەکانی جیهان.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوو و ئەمساڵدا، بەهۆی سەردانی شاندە بازرگانییەکانی تورکیا بۆ هەرێمی کوردستان، بەستەڵەکی پەیوەندیی دوولایەنەی نێوان هەولێر و ئەنقەرە کە پاش ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان درووست ببوو، توایەوە، پەیوەندییە دوولایەنەکە بۆ دۆخی سرووشتیی خۆی خەریکە دەگەڕێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە لێک نزیکبوونەوەی بەغدا و هەولێر و ڕێککەوتنیان لەسەر بابەتی بودجە، هۆکارێکە بۆ ئەوەی بەغدا هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕییەکانی کوردستان - بەندەری جەیهان بۆ وڵاتانی دونیا قەبووڵ بکات.
سیاسەتی ئەمریکییەکانیش هەلی نوێی لە بەردەم هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان، بەتایبەتیش ئەو کێشانەی کە پەیوەندییان بە نەوت و بودجەوە هەیە، ڕەخساند.
لە ناوەڕاستی هەفتەی ڕابردوودا، سامر غەزبان، وەزیری نەوتی عێراق ڕای گەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لەم نزیکانە لەسەر بابەتی هەناردەکردنی نەوت ڕێک دەکەون.
حکوومەتی عێراق هەلێکی بۆ ڕەخساوە کە نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی هەرێمی کوردستان هەناردە بکات و بە کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی تورکیا (تۆبراش) بفرۆشێت.
لەلایەکی دیکەوە هەناردەکردنی نەوتی کەرکووک لە ڕێگەی بۆڕییەکانی هەرێمی کوردستان - جەیهان لە کاتی ئاساییبوونەوەی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا، بەرزی و نزمی بەخۆیەوە بینیوە کە لە نێوان ٤٠ تا ١٠٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا (لەم مانگانەی دوایی) خۆی دەبینێتەوە.
تورکیا ئێستا ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت لە هەر ڕۆژێکدا لە ئێران دەکڕێت، هەرچەندە بە توندی بەرامبەر سزا نەوتییە سەپێندراوەکانی سەر ئێران وەستاوەتەوە، بەڵام پسپۆڕان وای دەبینن کە تورکیا ئەمجارە پابەند دەبێت بە سزاکانەوە و دەست لە کڕینی نەوتی ئێران هەڵدەگرێت.
لەلایەکی دیکەوە، وەزیری نەوتی عێراق ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی کەرکووک بۆ دوو ئەوەندەی ئێستا ڕاگەیاند. لە هەمان کاتیشدا نوێترین ڕاپۆرتەکانی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژە بە پاشەکشەی ئابووریی تورکیا لەمساڵدا دەکەن و ساڵی ٢٠١٩ دەبێتە ساڵی داکشانەوەی ئابووریی تورکیا، هەروەها پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا ئابووریی تورکیا بە ڕێژەی ٣٪ پاشەکشە بکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ناسەقامگیریی بازاڕی وزەی تورکیا و لە ئەنجامیشیدا کێشە ئابوورییەکانی وڵاتەکە قووڵتر دەبنەوە.
تورکیا ساڵانە بە بەهای ٥٠ ملیار دۆلار، نەوت و گازی سرووشتی و گازی شل هاوردە دەکات، باشترین ڕێگەش لەبەردەمیدا دابەزاندنی خەرجیی هاوردەکردنی وزەیە، هەروەک پێدەچێت کە بەرپرسانی تورکیا دەیانەوێت عێراق و هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی هەماهەنگیی نێوانیان، ڕڵێکی گەورە لە بازاڕی وزەی تورکیادا بگێڕن.
باسنیوز
