سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی بالاَی وەزارەتی دەرەەوەی نەرویج دەكات

سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی بالاَی وەزارەتی دەرەەوەی نەرویج دەكات
بەیانیى ئەمڕۆ پێنجشەمە ٢ی ئایاری ٢٠١٩، د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، لە نوسینگەی تایبەتى خۆی لە تەلاری پەرلەمان،پێشوازیی كرد لە شاندێكی بالاَی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج كە پێكهاتبوو لە كنوت لیەن، نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج و تونێ ئەلەش، باڵیۆزی نەرویج لە عێراق و شاندی یاوەری.

لەدیدارێكدا كنوت لیەن، نوێنەری تایبەتیی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج، وێڕای پیرۆزباییكردن لە سەرۆكی پەرلەمان بەبۆنەی دەستبەكاربوونی لە پۆستەكەی، ئامانجى سەردانەكەی بۆ هەرێمی كوردستان و پەرلەمان روونكردەوەو رایگەیاند: "خۆشحاڵین بە سەردانیكردنی پەرلەمانی كوردستان و دەبینین ئافرەتێك لە پۆستێكی سیادى و گرنگی ئەم هەرێمەدایە، هەروەها هاوكاری و هەماهەنگییەكی تەواومان لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە بەتایبەتی هاوكارییكردنى ئاوارەكان".

هەروەها رۆلی هەرێمی كوردستان و هێزى پێشمەرگەی كوردستانى لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەرزنرخاند و باسى لەو هاوكارییانە كرد كە ولاَتی نەرویج پێشكەشی هەرێمی كوردستان و هێزى پێشمەرگەی كردووە لە ماوەی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش. شاندی میوان خۆشحاڵی خۆشیان بە لەیەكتر نزیكبوونەوەی هەرێمی كوردستان و عێراق دەربڕى و باسیان لە ئامادەكارى بۆ كۆنفڕانسێك دەربارەی جینۆسیایدی كوردانی ئێزدی كرد كە لە ولاَتی نەرویج بەڕێوە دەچێت.

لای خۆیەوە د.ڤالا فەرید ئیبراهیم، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وێڕای بەخێرهێنانی شاندی وەزارەتی دەرەوەی نەرویج بۆ پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەرۆلی گرنگی ولاَتی نەرویچ كرد بۆ هاوكاریكردن و پشتیوانیكردنى لە هەرێمی كوردستان و رایگەیاند: "سوپاسی گەل و حكومەتی نەرویج دەكەین بۆ ئەو هاوكارییانەی كە پێشكەشی هەرێمی كوردستانى دەكەن و دەخوازین ئەو هاوكاری و هەماهەنگییانە بەردەوام بێت بەتایبەت لە رووی كاری پەرلەمانییەوە".

هەر لە دیدارەكەدا د.ڤالا فەرید، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، پوختەیەك لە رێكارە یاساییەكانی كاری پەرلەمانیی لەچوارچێوەی یاسای هەڵبژاردن و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان بۆ كاراكردنەوەی دامەزراوەى سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و لە ئێستادا پەرلەمانی كوردستان چاوەڕێی سازانی لایەنە سەرەكییەكانی پێكهێنەری حكومەتی هەرێمین بۆ رێككەوتن، چونكە پەرلەمانی كوردستان بەشێك دەبێت لە چارەسەری پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان و نابێتە كۆسپ لەبەردەم پڕۆسەی سیاسی و دوای تەواوبوونی رێكارە یاساییەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەستدەكەین بە ئەنجامدانی پرۆسەی چاكسازى لەسەرجەم سێكتەرەكاندا و ئێمە وەك دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان لە نێو پەرلەماندا دەستمان كردووە بە چاكسازی لە رووی دارایی و كارگێڕییەوە بەچاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی و بەشێوەیەكی شەفاف لەماڵپەری پەرلەمان بلاوى دەكەینەەوە".

دەربارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقیش، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان گووتى: "لە ئێستادا پەیوەندییەكانمان بەرەو باشبوون دەچێت و دەخوازین حكومەتی عێراق تەواوی بڕگەو مادەكانی دەستووری عێراق جێبەجێ بكات بەتایبەتی مادەی ١٤٠ ى دەستووری عێراق و بەجێبەجێكردنیشى كێشەو گرفتە هەڵپەسێردراوەكانى نێوان هەردوولا چارەسەر دەكرێن".

سەبارەت بەو كۆنفڕانسەی تایبەت بە كوردانی ئێزدی كە بڕیارە لە ولاتی نەرویج بەڕێوەبچێت، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وێڕای دەستخۆشی لە رێكخەرانی ئەم كۆنفڕانسە بەگرنگییەوە باسی لە جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی كرد و رایگەیاند: "بەفەرمی داوامان لە حكومەتی عێراق كردووە ببێتە ئەندام لە دادگای جینایەتی نێودەوڵەتی بۆئەوەی دۆسییەی جینۆسیایدكردنی خوشكان و برایانی ئێزدی بەفەرمی بناسرێت، بەلآم بەداخەوە تاكو ئێستا حكومەتی عێراق هیچ وەلآمێكی فەرمیی نەداوەتەوە، بۆ بەستنی ئەمجۆرە كۆنفڕانسانەی كە لەدەرەوەی ولاَت دەبەسترێن لەسەر هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لە جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدی، پێویستە پەرلەمانی كوردستان و خەڵكی تایبەتمەند لە هەرێمی كوردستان بەشداربێت تێیدا بۆئەوەی كۆنفڕانسەكە بە بڕیاری گرنگەوە دەربچێت، پەرلەمانی كوردستانیش پڕۆژەی تایبەت بەناساندنی جینۆسایدكردنی كوردانی ئێزدیی ئامادە كردووە و كاری لەسەر دەكات"، گووتیشی: "بەپێی رێكارە یاساییە نێودەوڵًەتیەكان ئەو تاوانانەی دژ بەئێزدییەكان ئەنجام دراون، تاوانەكانی جینوسیایدو تاوانەكانی دژ بەمرۆڤایەتی و تاوانەكانی جەنگن، كەتاوانی نێودەوڵەتین، كۆماری عێراقى فیدراڵ بەرپرسیارییەتیی تاوانەكانی لە ئەستۆدایە بەجۆرێك كە دادگایی تاوانباران بكرێت و حكومەتی عێراقیش قەرەبووی قوربانیانی تاوانەكان بكاتەوە لەسەر ئاستی كەسی و ژینگەیی بەتایبەتی ئافرەتانی قوربانی دەستی تاوانەكانی داعش" تاكو ئێستا حكومەتی عێراق ئەركە یاساییەكانی بەرامبەر لێقەوماوانی ژێر دەستی داعش جێ بەجێنەكردوە.

لە كۆتاییدا شاندی میوان خۆشحاڵیی خۆیان بەم سەردانەو ئەم هەنگاوە یاساییانەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ئێزدییەكان و رێكارە یاساییەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەربڕی و جەختیان لەسەر پتەوكردنی زیاترى پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ولآتی نەرویج كردەوە و ئامادەیی خۆشیان بۆ ئەو مەبەستە نیشاندا.


kdp -
Top