پۆلیسی سلێمانی چوار کەسی لەسەر خنکاندنی ئافرەتێک دەستگیر کرد
نەقیب سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: "دوای ئەوەی ڕۆژی 3/4/2019 لەسەر ڕێگای چەمچەماڵ - تەكیە تەرمی كچێکی تەمەن 24 ساڵ دۆزرایەوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان و هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كراو تەرمەکە گواسترایەوە بۆ پزیشكی دادوەری لەشاری سلێمانی و دەركەوت بەپەت خنكێندراوە و كراوەتە ناو توورەكەیەكەوە و لەسەر ڕێگاکە فڕێدراوە".
گوتیشی: "دواتر و لەڕۆژی 4/4/2019، هێزەکانی بنكەی پۆلیسی تەكیە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی چەمچەماڵ لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكردوو توانرا تۆمەتبار (ڕ،ع، م) و ڕۆژی 8/4/2019،ـەش تۆمەتبار (ح، ق، ح) دەستگیر بكرێن، 6 ڕۆژ دواتریش دوو تۆمەتباری دیکە بەناوەکانی (ه،ح،ق) و (ه،ح،ق) دەستگیرکران و سەرجەمیان بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 406 لەیاسای سزادانی عیراقی ڕاگیراون".
ئاماژەی بەوەشدا، فەرمانی دەستگیركردن بۆ باوكی ئافرەتەکەش دەرچووە، بەڵام تا ئێستا دەستگیرنەكراوە و هێزەكانی پۆلیس لەهەوڵی دەستگیرکردنیدان".
باسنیوز
