ئۆرگانەکانی یەکگرتوو چالاکیی باڵاپۆشکردنی کچان زیاد دەکەن

ئۆرگانەکانی یەکگرتوو چالاکیی باڵاپۆشکردنی کچان زیاد دەکەن
پاش سلێمانی، دەیان کچی دیکە لە کۆیە لەچکیان خستە سەر، ئەویش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئۆرگانەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ باڵاپۆشکردنی کچان.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لەژێر درووشمی (باڵاپۆشیم پارێزەری شوناسمە)، 400 کچی سلێمانی لەچکیان خرایە سەر کە ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابییانی کوردستان چالاکییەکەیان ئەنجام دابوو. ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی ئایاری 2019ش لە شاری کۆیە، بە هەمان شێوە ئۆرگانەکانی یەکگرتوو لەچکیان خستە سەر 80 کچی دیکە.

لەمبارەیەوە عومەر ڕەحمان، لێپرسراوی لقی زانکۆ و پەیمانگاکانی ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان، ڕایگەیاند: "ڕێکخراوەکەمان لە کۆمەڵێک گەنجی خۆبەخش پێکھاتووە، ئێمە لەسەر خواستی ئەو ئافرەتانەی باڵاپۆش نەبوون و ئێستا دەیانەوێت خۆیان باڵاپۆش بکەن، فیستیڤاڵی تاجی زێڕین ئەنجام دەدەین و بەھەر شێوەیەک لەژێر گوشاردا کەس ناچار ناکەین خۆی باڵاپۆش بکات، ئەوکەسانەی خۆیان باڵاپۆش کردووە، بەویستی خۆیان بووە و تەنھا خۆیان حەزیان کردووە، خۆیان باڵاپۆش بکەن، دواجار لە ئاینی پیرۆزی ئیسلامدا چەندە پیرۆزە خەڵکی ئازاد کردووە و ھیچ شتێک بەزۆرداری نابێت".

گوتیشی: "ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان، تاوەکو ئێستا پێنج فیستیڤاڵی باڵاپۆشی ئەنجامداوە، ئەمساڵ نزیکەی 500 ئافرەت ناوی خۆی نووسی، بەڵام بەھۆکاری ئەوەی فیستیڤاڵەکە کەوتووەتە ڕۆژی ھەینی و خەڵکی لە گەشت و سەیران بووە، ڕەنگە لەو ڕێژەیە ھەمووی بەشداری نەکردبێت، بەڵام نزیکەی 400 ئافرەت لەو ڕۆژە ئامادەبوون بۆئەوەی خۆیان باڵاپۆش بکەن، بێگومان دوای ئەو فیستیڤاڵە خەڵکی ناوی خۆی نووسیوە و دەیەوێ خۆی باڵا پۆش بکات".

ئاماژەی بەوەشدا، دوای ئەجامدانی فیستیڤاڵەکە ژمارەیەکی دیکەی ئافرەت ناوی نووسیوە بۆئەوەی خۆی باڵاپۆش بکات، بێگومان ئێمەش وەکو ڕێکخراوی قوتابیانی کوردستان، ھانی خانمانی سلێمانی دەدەین بۆئەوەی ئەوانیش خۆیان باڵاپۆش بکەن.











باسنیوز
Top