پەیامی حكوومەتی هەرێم بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكاران
بە بۆنەی یەكی ئایار، ڕۆژی جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم كرێكارانی كوردستان و جیهان دەكەین. یەكی ئایار ڕۆژێكی گرنگ و پرشنگدارە بۆ بەبیرهێنانەوە و درێژەپێدان بە خەباتی كرێكاران لە پێناو داكۆكیكردن لە ماف و خواستە ڕەواكانیان. كرێكاران توێژێكی زیندووی بەرهەمهێنی كۆمەڵگان، كرێكارانی كوردستانیش ڕۆڵی كاریگەریان لە پرۆسەكانی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنان و پەرەپێدانی كوردستاندا هەیە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە لە ڕۆڵ و گرنگیی ئەم توێژەی كۆمەڵگاكەمان دەڕوانێت و پەرۆشی دەستەبەركردنی ماف و داخوازییەكانیانە، هەوڵی جیددی دەدات بۆ باشتركردنی گوزەران و ڕەخساندنی زیاتری دەرفەتی كار و خزمەتگوزاری و مافەكانیان، هانی كەرتی تایبەتیش دەدات كە بە پشتیوانی و هاوكاریی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكوومەت، ڕەچاوی زیاتری ماف و داخوازییەكانی كرێكار بكەن و خۆیان بە بەرپرسیار بزانن بەرامبەر بە پێداویستییەكانی كرێكاران و ڕەخساندنی كەش و ژینگەی كار لە ئاستێكی چاوەڕوانكراو و سەردەمیانەدا.
وێڕای دەستخۆشیكردن لە سەندیكای كرێكارانی كوردستان بۆ داكۆكیكردن و پشتیوانییان لە ماف و داخوازییەكانی ئەم توێژە گرنگەی كوردستان، هانیان دەدەین بۆ كار و خزمەتی زیاتر لە پێناو بەدیهێنانی خواستەكانی كرێكاراندا، حكوومەتی هەرێمیش وەك هەمیشە بۆ ئەم مەبەستە پشتیوانی هەوڵەكانیان دەبێت.
بەرز و پیرۆز بێت یەكی ئایار، ڕۆژی جیهانیی كرێكاران.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
kdp-
