بە ھۆی باشبوونی رەوشی ئابوورییەوە رێژەی بێكاری كەمی كردووە

بە ھۆی باشبوونی رەوشی ئابوورییەوە رێژەی بێكاری كەمی كردووە
رۆژی ١ی ئایاری ھەموو ساڵێك، جەژنی كرێكارانە و لە ھەرێمی كوردستانیش ساڵانە ئەو رۆژە بەرز رادەگیرێت. بەپێی بەدواداچوونێكی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، بە ھۆی باشبوونی رەوشی ئابوورییەوە، رێژەی بێكاری كەمی كردووە و رەوشی كرێكارانیش لە ساڵانی رابردوو باشترە.

ھەنگاو عەبدوڵڵاخان، ئەندامی مەكتەبی تەنفیزیی سەندیكای كرێكارانی كوردستان دەڵێت: "ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، رەوشی كرێكارانی ھەرێمی كوردستان باشترە، چونكە بە ھۆی دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان و باشبوونی رەوشی ئابوورییەوە، رەوشی كاریش باشترە، بێگومان تا رەوشی ئابوورییش گەشە بكات، رێژەی بێكاری كەمتر دەبێتەوە".

عەبدوڵڵاخان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بەپێی ئەو ئامارانەی لە بەردەستن، زیاتر لە ٢٢ ھەزار كرێكاری بیانی خۆیان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان تۆمار كردوە و ھاتنی كرێكاری بیانی بەردەوامی ھەیە، چونكە ھەندێ كار ھەیە كرێكاری ناوخۆ نایكەن و زیاتر كرێكاری بیانی پێوەی خەریكن، وەك خزمەتگوزاری و كرێكاری ناوماڵ".

هەر لەو بارەیەوە، دكتۆر عارف حیتو، بەڕێوەبەری گشتیی كار و دەستەبەری كۆمەڵاتی، لە لێدوانێكیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "لە ھەرێمی كوردستان نزیكەی ٨٠ هەزار كرێكارمان ھەن، كە بیمەی كاریان بۆ دەستەبەر كراوە و بەشێكیان كرێكاری بیانین، بەردەوام كرێكاران بە دوای ھەلی كاردا دەگەڕێن و ژمارەیەك لەوانەی لە كار دەگەڕێن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە وەزارەتی كار دەكەن".

هاوكات سیروان محەمەد، سەرۆكی دەستەی ئاماری ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "رێژەی بێكاری لە ھەرێمی كوردستان بەرەو كەمبوونەوە دەچێت، چونكە بە ھۆی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە رێژەی بێكاری لە ساڵی ٢٠١٤ بەرز ببووەوە، بەڵام لە ٢٠١٧ رێژەكە ھەندێك دابەزی و بوو بە ١٠%، كە بێگومان ئێستا لە ساڵانی پێشوو باشتر بووە، بەڵام ھێشتا ئامارەكەمان بڵاو نەكردووەتەوە".

محەمەد گوتیشی: "ئێمە رووپێوێكمان ئەنجام داوە لەسەر رێژەی بێكاری لە ساڵی رابردوودا، لە ئێستاشدا سەرقاڵی شیكردنەوەی ئامارەكانین و لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجامەكەی بڵاوی دەكەینەوە، بێگومان پێشبینی دەكەین رێژەكە زیاتر دابەزیوە و بۆ ئەمساڵیش باشتر دەبێت بە ھۆی باشبوونی رەوشی ئابوورییەوە".



kdp-
Top