بەرپرسێکی پارتی: تاکوو دۆخی کەرکووک ئاسایی نەکرێتەوە بەشداریی هەڵبژاردن ناکەین
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە کەرکووک ڕايگەیاند: "پارتی بەگشتی لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە و پرۆگرامی پارتییە و بەردەوامیش دەبین لەسەری، بەڵام بارودۆخی کەرکووک ئاسایی نەکراوەتەوە و حوکمی سەربازی تێدا بەڕێوە دەچێت، پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ناحەقی زۆر بەرامبەر کوردستانیان دەکات، وای لێ هاتووە ڕێگە بە ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاش نادات لە ناو بینای ئەنجومەن کۆ ببنەوە".
ئەو بەرپرسەی پارتی ڕاشی گەیاند: "فشارێکی ئێجگار زۆر هەیە، بۆیە پارتی داوای کردووە بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، دواتر لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا بەشدار دەبێت، لەگەڵ لایەنەکانیش گفتوگۆمان کردووە و تا ڕادەیەکی زۆر ئەوانیش لەگەڵ پارتی هاوڕان".
بە بڕیاری حکوومەتی عێراق لە ١٦\١١\٢٠١٩ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوە دەچێت، بەڵام لەناو پەرلەمانی عێراق و لایەنەکانی دیکەش چەند هەوڵێک لە ئارا دان بۆ دواخستنی ئەو کاتە، هاوکات نزیکەی 170 پەرلەمانتاری ئەنجومەنی ونێنەرانی عێراق واژۆیان کۆ کردووەتەوە کە ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق نەمێنێت.
باسنيوز
