نێچیرڤان بارزانی: بونیادنانی سیستەمێکی تەندروستیی پێشکەوتوو لەپێشینەی کارەکانمانە
ئەمڕۆ چوارشەممە 1-5-2019، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە وتارێکدا لە کۆنفڕانسی زانستیی پزیشکی لە هەولێر، رایگەیاند، حکوومەت ”بەپێی توانا“، بەردەوام هەوڵ دەدا برەو بە کەرتی تەندروستی بدات.
نێچیرڤان بارزانی هەروەها رایگەیاند، بونیادنانی سیستەمێکی تەندروستیی پێشکەتوو لە هەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە زیادبوونی نەخۆشخانەکانی حکوومەت کرد کرد، کە لە 26 نەخۆشخانەوە لە هەرێمی کوردستان، حکوومەت ژمارەکەی گەیاندووەتە 76 نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییەکانیش بەرزبوونەتەوە بۆ 967 بنک.
هەروەک نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، ژمارەی قەرەوێڵەکانی نەخۆشخانەکان لە سێ هەزار و 731 قەرەوێڵە بەرزبووەتەوە بۆ حەوت و هەزار 805 قەرەوێڵە و ژمارەی پزیشکانیش لە هەرێمی کوردستان لە 826 پزیشکەوە گەیشتووەتە شەش هەزار و 814 پزیشک.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە ژمارەی نەخۆشخانە تایبەتییەکان کرد و رایگەیاند، لە هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک، 47 نەخۆشخانەی تایبەت کراونەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی بە ئاماژەکردن بەوەی حکوومەت ستراتیژ و پلانی کورتخایەن و درێژخایەنی بۆ برەودان بە کەرتی تەندروستی هەیە، رایگەیاند، ”تەواوی سیستەمی تەندروستی پێویستی بە پێشخستن ھەیە، بەشێوەیەک زامنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی باشتر و پێشکەوتووتر بکات“.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە پێویستی زانی سیستەمی تەندروستی لە چارەسەرکردنەوە بکرێتە خۆپاراستن و گرنگیی زیاتر بە کوالێتیی خۆراک و دەرمان بدرێ و راگەیاند، ”تەندروستی بەشێکی گرنگی ئاسایشی نەتەوەیی و نیشتمانییە و دەبێ بایەخی زیاتر بە ھۆشیاری بدرێت“.
نێچیرڤان بارزانی هیوای خواست کۆنفڕانسەکە بە راسپاردە و دەرەنجامی باش کۆتایی بێت، بۆ ئەوەی ببێتە ئاسانکاریی بۆ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گرتنەبەری رێوشوێنەکان و پلاندان.
باسنيوز
