پەرلەمان: یاسای كرێكاران هەندێ لە بڕگەكانی كۆنن و بۆ ئێستا ناگونجێت
ئەمڕۆ سەندیكای كرێكارانی كوردستان یاداشتێكیان ئاڕاستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان كرد، كە تێیدا داوای هەمواركردنەوەی یاسای مافی چینی كرێكارانیان كردووە، بەڵام پەرلەمانتارێكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی لەسەر لیستی پارتی دەڵێ، پێش ئەوەی ئەوان یاداشتیان بدەنێ، بە هەستكردن بە مافەكانی ئەو توێژە، دوێنێ بۆ هەمان مەبەست كۆبوونەتەوە.
زانا مەلا خالید، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، دوێنی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتیی پەرلەمان، كە خۆی تێیدا ئەندامە كۆبوونەتەوە و، بڕیاریان داوە لیژنەیەكی لاوەكی دروست بكەن، بە مەبەستی هەمواركردنەوەی بڕگە و ماددەكانی یاسای كرێكاران، كە بگونجێ لەگەڵ بارودۆخی ئێستای كوردستاندا، بەو پێیەی یاساكە هەندێ لە بڕگەكانی كۆنن و لەگەڵ ئێستای هەرێم ناگونجێت.
ناوبراو روونیشی دەكاتەوە، كە لیژنە لاوەكییەكە دەست بە نەخشەڕێگای خۆی دەكات، تا ئەو یاسایانەی پەیوەستن بە توێژی كرێكاران هەموار بكرێنەوە، گوتیشی: "ئەمڕۆ بەڵێنمان كرێكاران دا، كە لە ئاست نوێنەرایەتیی ئەواندا بین و، یاساكە بە راوێژ لەگەڵ توێژە جیاجیاكانی ناو سەندیكای كرێكاران هەموار دەكەینەوە، بەو پێیەی ئەوانیش رایان لەسەر پڕۆژەیاساكە هەبێت".
وەك پەرلەمانتارەكەی پارتی لە لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی ئاماژەی پێ كرد، ئەمڕۆ لیژنە لاوەكییەكە كۆدەبێتەوە، لە پێناو دیاریكردنی نەخشەڕێگایەك بۆ هەمواركردنەوەی یاساكە، هەتا بزانن لەم چوار ساڵەدا پێویستیان بە چی دەبێت لە روانگەی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و ئابووریی ئێستای هەرێمی كوردستان.
kdp-
