ڕاگەیەندراوێک سه‌باره‌ت به‌ گرتنی به‌رپرسی ئۆفیسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ شنگال

ڕاگەیەندراوێک سه‌باره‌ت به‌ گرتنی به‌رپرسی ئۆفیسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ شنگال
دەزگای خێرخوازی بارزانی لە راگەیاندراوێکیدا بۆ رای گشتیی ئاشکرای دەکات کە ڕۆژی (٢٨\٤\٢٠١٩) له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی هاوكاری بە خه‌ڵكی شنگال له‌‌ لایه‌ن ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێكخراوی كه‌نیسه‌ی لێبراسكای ئه‌مریكاوە، چەکدارانی پەکەکە هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر كارمه‌ندان و به‌رپرسی ئۆفیسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ شنگال و زیندانی دەکەن، دەزگاکە داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هێزی هاوپه‌یمانان و ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان له‌ جیهاندا ده‌كات ڕێگه‌ نه‌ده‌ن‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ڤه‌ری شنگال ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌نه‌ گۆڕه‌پانی ململانێی خۆیان، چونكه‌ خه‌ڵكی سڤیلی شنگال پێویستیان به‌ زیاتر به‌هاناوه‌چوون و باشتركردنی ڕه‌وشی ژیان و بنیاتنانی ژێرخانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ هه‌یه‌‌.

له‌ ڕۆژی یه‌كه‌می داگیركردنی شنگال له‌ لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌، ئێمه‌ وه‌كو ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ ڕێگه‌ی فڕۆكه‌ و ئۆتۆمبێله‌وه‌ هاوكاریی مرۆییمان گه‌یاندووەته‌ خه‌ڵكی سه‌ربه‌رزی شنگال و ته‌نیا ده‌زگاش بووین كه‌ خه‌ڵكی سڤیلی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌مان به‌ته‌نیا جێ نه‌هێشتووه‌، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ نزیكه‌وه‌ پێداویستییه‌كانی وه‌كو ئاو، كاره‌با، قوتابخانه‌، بنكه‌ی ته‌ندروستی و جلوبەرگ و خۆراک و سه‌رپه‌نایان بۆ دابین بكه‌ین. ئۆفیسێكمان له‌سه‌ر چیای شنگال كردووەته‌وه‌.

له‌ كاتی بەڕێوەبردنی ئه‌م ئه‌ركه‌ مرۆییه‌دا، چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌وه‌ ڕێگری له‌ تیمه‌كانمان كراوه‌ و په‌لاماری ئۆفیسی ده‌زگا دراوه‌ كه‌ له‌سه‌ر چیای شنگاله‌، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین به‌رده‌وام بین له‌ خزمه‌تكردن به‌ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شنگال بێده‌نگیمان به‌رانبه‌ر چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ هه‌ڵبژاردووه‌ و ڕۆژ به‌ ڕۆژ زیاتر هاوكاریمان پێشكه‌شی خه‌ڵكی ئه‌و ده‌ڤه‌ره‌ كردووه‌ و له‌ كۆنفرانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا ده‌نگی شنگال و شنگالییه‌كانمان گه‌یاندووەته‌ ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌ جیهانییه‌كان. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ دیاره‌ چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی نامرۆڤانه‌ی خۆیان به‌رده‌وامن و ڕۆژی (28\4\2019) له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی هاوكاری بە خه‌ڵكی شنگال له‌‌ لایه‌ن ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێكخراوی كه‌نیسه‌ی لێبراسكای ئه‌مریكاوە هه‌ڵده‌كوتنه‌ سه‌ر كارمه‌ندانمان و به‌رپرسی ئۆفیسی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی له‌ شنگال ده‌گرن و زیندانیی ده‌كه‌ن.

له‌ كاتێكدا به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ین، هاوكات بۆ ڕای گشتی ڕایده‌گه‌یه‌نین كه‌ چیتر ناكرێت و ناتوانین به‌رده‌وام بین له‌ پێشكه‌شكردنی هاوكاری بۆ خه‌ڵكی ده‌ڤه‌ری شنگال، چونكه‌ ڕه‌فتاری چه‌كدارانی په‌كه‌كه‌ له‌ شنگال بارگاوییه‌ له‌ توندوتیژی و دژی خه‌ڵكی سڤیلی ده‌ڤه‌ری شنگال و ڕێكخراوه‌ خێرخوازی و مرۆییه‌ ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان. ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ژیانی خۆبه‌خش و كارمه‌ندانی ده‌زگاكه‌مان له‌ مه‌ترسیدا بێت.

داوا له‌ حكوومه‌تی عێراق و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و هێزی هاوپه‌یمانان و ڕێكخراوه‌ مرۆییه‌كان له‌ جیهاندا ده‌كه‌ین ڕێگه‌ نه‌ده‌ن‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی ده‌ڤه‌ری شنگال ئه‌و ناوچه‌یه‌ بكه‌نه‌ گۆڕه‌پانی ململانێی خۆیان، چونكه‌ خه‌ڵكی سڤیلی شنگال پێویستیان به‌ زیاتر به‌هاناوه‌چوون و باشتركردنی ڕه‌وشی ژیان و بنیاتنانی ژێرخانی ده‌ڤه‌ره‌كه‌ هه‌یه‌‌.
kdp-
Top