لەمەودوا پۆستەی سۆران بە دوو كاتژمێر ڤیزای ئێرانی بۆ هاووڵاتیان وەردەگرێت

لەمەودوا پۆستەی سۆران بە دوو كاتژمێر ڤیزای ئێرانی بۆ هاووڵاتیان وەردەگرێت
لە سبەینێ چوارشەممە بە دواوە لە ڕێگەی بنکەی پۆستەی سۆرانەوە، بە ماوەی دوو کاتژمێر ڤیزای ئێرانی وەردەگیرێت، ئەگەر هاووڵاتی خوازیار بێت، ئەوا پۆستی دەكەنەوە بۆ ماڵەكەی.

لەمبارەیەوە كرمانج عیزەت قایمقامی سۆران لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) رایگەیاند كە ئەمڕۆ شاندێکی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پۆستەی ھەولێر و ئاغای عبادی سەرکۆنسوڵی گشتیی ئێران سەردانی سۆرانیان کردووە و بەشی ڤیزای ئەلیکترۆنیان لە بنکەی پۆستەی سۆران کردووەتەوە".

قایمقام دووپاتی كردووەتەوە کە لەو شوێنە فۆرم بە پۆستی حکومەت بە ئینتەرنێت ڕەوانەی كۆنسوڵگەریی ئێران دەکرێت، ھەر لەو شوێنەش وەردەگیرێتەوە.

ئاماژەشی بەوە داوە كە دوای راھێنانی چەند کارمەندێک، پڕۆسەکە دەستبەکار بووە، لەمەودوا تەنھا بە ماوەی دوو کاتژمێر ڤیزاكە وەردەگیرێ و لە سبەینێ چوارشەممەشەوە خوازیاران دەتوانن داوای ڤیزا پێشكەش بكەن.

كرمانج عیزەت ئەوەشی راگەیاندووە كە رسوماتی وەرگرتنی ڤیزاكە تەنیا دوو ھەزار دینارە، ئیتر پێویستیش ناکات بۆ ڤیزای ئێران سەردانی كۆنسوڵگەری بكرێت، پۆستەی سۆرانیش دەتوانێ ڤیزاكان رەوانەی ماڵی خاوەنەكانیان بكاتەوە.









باسنيوز
Top