داعش سێ چەکداری حەشدی شەعبی لە شارێکی کوردستان رفاند

 داعش سێ چەکداری حەشدی شەعبی لە شارێکی کوردستان رفاند
چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش هێرش دەکەنە سەر میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و سێ چەکداری ئەو میلیشیایانەیان رفاند.

بەپێی زانیارییەکان، کاتژمێر 3ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 31/10/2018، چەکدارانی داعش هێرشیان کردووەتە سەر بارەگایەکی سەرایا سەلام لە دارستانەکانی گوندی بەستاملی لە سنووری شاری خورماتوو.

زانیارییەکان ئاماژەی بەوە دەکەن، کە چەکدارانی داعش سێ چەکداری میلیشیای سەرایا سەلامیان رفاندووە و تا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

سەرایا سەلام یەکێکە لە میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و فەرمانەکانیان لە موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر وەردەگرن.

ماوەیەکە چەکدارانی داعش لە ناوچە جیاوازەکانی باشووری کەرکووک، سەڵاحەدین، نەینەوا، تکریت و ئەنبار دەستیان بە جموجۆڵ کردووەتەوە و کردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

ئەو جموجۆڵەی ئێستای داعش دوای ئەوە دێت، کە لە مانگی 12ـی 2017، حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق (2014-2018) رایگەیاند، داعش لە عێراق کۆتایی هات و ئیدی ئەو رێکخراوە لە شارەکانی عێراق سەرهەڵناداتەوە.


وای هەرەسهێنانی سوپای عێراق لە ساڵی 2014، دەیان میلیشیای چەکداریی عێراق لەژێر ناوی حەشدی شەعبی خۆیان رێک خستەوە.

لە مانگی 6ـی 2014، نزیکەی دوو هەزار چەکداری رێکخراوی تیرۆریستی داعش لە سووریاوە دزەیان کردە ناو خاکی عێراق و لە ماوەی چەند رۆژێکدا، هەرەسیان بە سوپای عێراق هێنا و زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی نەینەوا، دیالە، سەڵاحەدین و ئەنباریان داگیر کرد.








باسنيوز
Top