ھاوپەیمانی دەنگۆکانی هەڵوەشاندنەوەی ڕەت دەکاتەوە
ئەمڕۆ چوار شەممە ٣١⁄١٠⁄٢٠١٨، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری ڕاگەیاندراێکی بڵاو کردەوە ، تێیدا ئاماژە بەوە دراوە: ”چەند ڕۆژێکە لە میدیاکانەوە بە مەبەست و ئامانجی شەخسی و سیاسی، باس لە ھەڵوەشاندنەوەی ھاوپەیمانی دەکرێت، لە کاتێکدا ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری پڕۆژەیەکی سیاسیی مەدەنییە و خاوەندارییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ھاودیدانی ھاوپەیمانی و موڵکی ھیچ کەسێک یان کەسایەتی و گرووپێک نییە تا بتوانن تاکلایەنە بڕیار لە چارەنووسی بدەن“.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکەی ھەوپەیمانی، ئەو ھەواڵانەی باس لە ھەڵوەشانەوەی ھاوپەیمانی دەکەن، ”ڕای شەخسین نەک ھاوپەیمانی“. جەختیش کراوەتەوە: ”بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی ھاوپەیمانی کە لە مادەی (بیست وپێنج)دا بەڕوونی لە خاڵی یەکەمدا ئاماژەی پێ کراوە، (ھاوپەیمانی دەتوانێت خۆی ھەڵبوەشێنێتەوە، بەدەنگی سێ لەسەر چواری ئەندامانی کۆنگرەی گشتی)، بۆیە ھەر دەنگۆیەک لەو بارەیەوە ڕاوبۆچوونی شەخسییە و ئەو ھاودیدانەی بڕیاری بەردەوامییان داوە، دەتوانن بڕیار لەسەر چارەنووسی ھاوپەیمانییەکەیان بدەن، نەک ھیچ کەسێکیتر“.
هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری لەلایەن بەرهەم ساڵح و باڵی نەهزەکانی نێو کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە سیاسییەکانی دەرەوەی حزبەکانی دیکە پێکهێندرا، بەڵام دواتر بەرهەم ساڵح لە پێناو پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، وازی لە هاوپەیمانییەکە هێنا و گەڕایەوە نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەرچەندە پێشتر خۆی کارێکی لەم شێوەیەی بە ”بێحورمەتی“ وەسف کردبوو.
باسنیوز
