بەرپرسێکی گۆڕان لە پارێزگای سلێمانی دەستی لەکار کێشایەوە
ئەو بەرپرسەی گۆڕان ئاماژەی بەوە کرد: "من ماوەی دوو ساڵ لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بووم و پاشان لە ئەنجامی گۆڕانکاری لە پۆستەکانی ئەنجومەنی پارێزگا بووم بە جێگری ئەنجومەن و ھەتا ئێستا بەردەوام بووم".
ڕوونیشی کردەوە: "بەپێی یاسای پارێزگاکان و ھەروەک لە یاسای ژمارە نۆی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە ساڵی ٢٠٠٩دا ھاتووە، ماوەی خولی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان، تەنیا چوار ساڵی ساڵنامەییە، بۆیە لە ٢٠١٨/٩/٢٤ەوە وادەی یاسایی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەواو بووە کە ئێمە چاوەڕێمان لە پەرلەمانی کوردستان دەکرد، ئەو یاسایەمان بۆ ھەموار بکاتەوە و ئەنجومەنی وەزیران ناچار بکات کە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە کات و وادەی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بەڵام نەکراوە".
ئەنوەر تاهیر باسیشی لەوە کرد کە ئەوان دوو جار بە فەرمی داوایان لە ئەنجومەنی وەزیران کردووە، لەمبارەوە ڕێوشوێنی پێویست بکات، بەڵام سەری نەگرتووە، ”ھەرچەند ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بە ڕێکوپێکی کۆبوونەوە دەکات و کارەکانیان ڕادەپەڕێندرین، بەڵام لە سلێمانی پەک خراوە، منیش وێڕای ڕێزم بۆ کار و چالاکیی ھاوکارەکانم لە ئەنجومەن، لەمەودوا نامەوێ وەک جێگری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی درێژە بە کارەکانم بدەم و لەمەودوا وەک ئەندامێکی سادەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لەسەر فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان درێژە بە کارەکانم دەدەم".
باسنيوز
