حکوومەتی ھەرێم، کێشەی قوتابییە ئاوارەکانی لە هەرێم چارە کرد
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە ھۆی شەڕی داعشەوە خەڵکێکی زۆری مووسڵ ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، بۆیە حکوومەتی عێراق چەند شوێنێکی لە دھۆک و ھەولێر وەکو شوێنی جێگرەوەی زانکۆکانی مووسڵ کردەوە و لێرە لە ھەرێم قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگەکان درێژەیان بە خوێندنی خۆیان دەدا، بەڵام بۆ ئەمساڵ ئەو شوێنانە داخراون و پێویستە قوتابیان بگەڕێنەوە بۆ زانکۆکانی مووسڵ لە کاتێکدا ئەو خەڵکە ھێشتا ئاوارەن، بەتایبەت پێکھاتەکانی ئێزدی و مەسیحی و ئەوانەی دیکە و شوێنیان نییە لە مووسڵ بمێننەوە و توانای ھاتوچۆشیان نییە، بۆیە مەترسی لەسەر خوێندنی ئەمساڵیان ھەیە."
شێروان دووبەردانی گوتیشی: "ئێمە وەکو فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم گفتوگۆمان کردووە و ڕازی بوونە کە ئەو قوتابیانە لە زانکۆ و پەیمانگەکانی ھەرێم درێژە بە خوێندن بدەن، بەڵام یەک کێشەمان ھەیە ئەویش ھەندێک پرۆگرام جیاوازییان ھەیە و ھەندێک بەشیش لە ھەرێم نییە، بۆیە لەمەش گرفتمان بۆ دروست دەبێت."
دووبەردانی باسی لەوەش کرد: "ئەم چارەسەرە کاتییە و وەکو فراکسیۆنی پارتی لەگەڵ حکوومەتی عێراقیش بەردەوام دەبین تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر دەبێت، چونکە ناکرێت ساڵێکی خوێندنی ئەو قوتابیانە کە ژمارەیان گەلێک زۆرە بفەوتێت."
kdp-
