پەرلەمانتارێکی کۆمەڵ: مووچەی ٦ مانگ وەردەگرین کە دەکاتە ٤٨ ملیۆن دینار
مەڕوان گەڵاڵی، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕایگەیاند: "بەپێی یاسایەکی بەرکاری خانەنشینی کە لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کاری پێدەکرێت، ھەر فەرمانبەرێک کە خزمەتی خۆی تەواو دەکات و خانەنشین دەبێت، بڕی شەش مووچە بەسەر یەکەوە وەردەگرێت، بیگومان پلە باڵاکانیش تەنھا پەرلەمانتار ناگرێتەوە، بەڵکوو وەزیر و بەڕێوبەری گشتی و پلەباڵای سەربازیش دەگرێتەوە، بێگومان ئەو پلە باڵایانە و فەرمانبەران بەپێی مووچەکەی خۆیان مووچەی شەش مانگ وەردەگرن“.
گەڵاڵی پێیوایە کە ئەو شەش مووچەیەی بەسەریەکەوە پێیان دەدرێت، ”وەکوو دەستگرتنێکە بۆ ئەو فەرمانبەرانە تاوەکوو کارێکی دیکە دەدۆزنەوە و دەکەونە سەر سکە و مووچەی خانەنشینییان بۆ خەرج دەکرێت، چونکە دوو مانگ زیاتری دەوێت تاوەکوو ڕێکارە یاسیاییەکان بۆ خانەنیشی دەکەن و موچەی خانەنشینی وەردەگرن“.
ئەوەشی ئاشکرا کرد کە تاوەکوو ئێستا هیچ بڕێکیان لەو ٤٨ ملیۆن دینارە وەرنەگرتووە، بەڵکوو پارەکە کاتێک وەردەگرن کە خولی چوارەمی پەرلەمان تەواو دەبێت. گوتیشی: “بەپێی یاساکە ھەموو پەرلەمانتارێک ھاوشێوەی فەرمانبەرانی دیکە، ئەگەر خانەنشین کرا، مووچەی شەش مانگ بەسەریەکەوە وەردەگرن، وەکو پێشەکییەک تاوەکوو خانەشین دەکرێن“.
باسنیوز
