لە دێرەزوور شەڕێكی سەخت لە ئارادایە

لە دێرەزوور شەڕێكی سەخت لە ئارادایە
گوتەبێژی ھەسەدە ئاشكرای دەكات، كە لە قۆناخێكی سەختی شەڕدان لەگەڵ داعش، لە ناوچەی دێرەزوور و زیانی گیانی زۆریشیان ھەیە.

لیلوا عەبدوڵڵا، گوتەبێژی ھێزەكانی سووریای دیموكرات (ھەسەدە) بە میدیایەكی نزیك لە پەیەدەی راگەیاندووە "لە سەختترین رۆژەكانی شەڕ داین و زریان و تۆز و خۆڵ، شەڕەكەی سەختتر كردووە، لە چەندین ناوچەی دێرەزوور شەڕێكی سەخت بەردەوامە".

ئاماژەی بەوەشكردووە، لەو چەند رۆژەدا ژمارەیەك شەڕڤانیان گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوونە، لانی كەم 80 چەكداری داعشیش كوژراون و چەندین ئۆتۆمبێلیشیان تێكشكێندراون.

گوتەبێژی ھەسەدە ئەوەشی خستووەتەڕوو، ھەرچەندە شەڕ بۆ دوا پێگەكانی داعش سەخت بووە، بەڵام شەڕڤانەكانیان بەردەوام دەبن بە ھاوكاری ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ھەوڵدەدەن لە كەمترین كات بگەن بە ئامانجەكانیان كە لەنێوبردنی دوایین مۆڵگەكانی داعشە لە دێرەزوور.
bas news-
Top