ڕۆڵی پێشمەرگە لە کۆبانی لەیاد ناکرێ

	 ڕۆڵی پێشمەرگە لە کۆبانی لەیاد ناکرێ
دوای ئەوەی تیرۆریستانی داعش ھەوڵەکانی چڕ کردەوە بۆ داگیرکردنی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان، خەریکبوو باڵانسی ھێز بەلای دۆژمندا بشکێت و بە ھۆی بەھێزیی ئەوکاتی گرووپی تیرۆریستیی داعش و بێپشتوپەناییی کوردی ڕۆژئاوای کوردستانەوە، لەو کاتدا سەرۆک بارزانی، ئامادەییی خۆی پێشان دا بۆ ئەوەی کۆبانێ نەکەوێت ھێزی پێشمەرگە و ھاوکاری بگەیەندرێتە شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان و بۆ ئەو مەبەستە داوای لە پەرلەمانی کوردستان کرد دەسەڵاتی ناردنە دەرەوەی ھێزیان پێ بدات بۆ ئەوەی ھاوکاریی کۆبانێ بکرێت.



ڕۆژی ٢٢ی ١٠ی ساڵی ٢٠١٤ پەرلەمانی کوردستان دەربارەی ڕەوشی کۆبانێ و داوای سەرۆک بارزانی کۆ بووەوە و لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا، بە پێی یاسا دەسەڵات بە سەرۆک بارزانی بدرێت بۆ ناردنی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستان و لەو چوارچێوەیەدا ھێزێکی پێشمەرگەی کوردستان بە چەکی جۆراوجۆرەوە بەرەو کۆبانێ بەرێ کەوت.



ڕۆژی ٢٨ی ١٠ی ساڵی ٢٠١٤ یەکەم کاروانی ھێزی پێشمەرگە بەرەو کۆبانێ بەڕێ کەوت و بە درێژاییی ڕێگا لە باشووری کوردستان و باکووری کوردستان و تاگەیشتە ڕۆژئاوا ھاووڵاتیانی کورد بە ئومێد و چەپڵەلێدانەوە پێشوازییان لە ھێزی پێشمەرگە دەکرد. لەوبارەیەوە لیوا قارەمان شێخ کەمال، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ناردنی ھێزی پێشمەرگە بۆ شاری کۆبانێ ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو لەسەر ھەرێمی کوردستان و جێبەجێی کرد، پێشمەرگە توانی لە کۆبانێ بەسەر تیرۆریستانی داعشدا زاڵ بێت و شەڕڤان و چەکدارانی کوردی ڕۆژئاوا شانبەشانی پێشمەرگە بەرەنگاری تیرۆریستان بوونەوە تا مەترسی لەسەر کۆبانێ نەھێڵن، چونکە ئاشکرابوو ئەوکات ڕەوشەکە لەمەترسیدابوو."



چوونی ھێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ بووە ھۆی ئەوەی چەکدارە کوردەکان بتوانن بە ھاوکاریی پێشمەرگە بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش ببنەوە و کۆبانێ نەکەوێت، دوای چەندین نەبەردی ھاوبەش لە نێوان چەکدارانی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان و ھێزی پێشمەرگە توانیان ژمارەیەکی بەرچاو چەکداری داعش بکوژن و کۆبانێ بە یەکجاری ڕزگار بکرێت."



لیوا قارەمان شێخ کەمال ڕوونی کردەوە: "مێژوو نەبەردییەکانی پێشمەرگەی لە کۆبانێ تۆمار کردووە و قەت لە بیرەوەریی کوردانی ھەر چوارپارچەی کوردستاندا کۆن نابێت، ئەو ھاوکارییە گەورەیەی لە کاتێکی ھەستیاردا سەرکردایەتیی ھەرێمی کوردستان پێشمەرگەی ڕەوانەی ڕۆژئاوا کرد بۆ پاڵپشتیی برایانی خۆی و ئەوەش بووە ھۆکار بۆ ئەوەی کۆبانێ نەکەوێت."



چوار کاروانی پێشمەرگە لە ھەرێمی کوردستانەوە گەیشتبوونە کۆبانێ، کە لە ڕۆژی ٢٠/١/٢٠١٥ یەکەم شەھیدی پێشمەرگەی باشووری کوردستان بە ناوی زێرەڤان ئەکرەم گیانی پێشکەش بە خاکی کوردستان کرد و شەھید بوو، ژمارەیەکی بەرچاوی پێشمەرگەش بریندار بوون.



کەو عەبدوڵڵا، دایکی شەھید زێرەڤان ئەکرەم، یەکەم شەھیدی باشووری کوردستان لە کۆبانێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "من ئازیزترین کەسم پێشکەش بە کوردستان کرد کە جەرگی خۆم بوو، چونکە شاری کۆبانێ خەریکبوو بە ھۆی ھێرشی داعشەوە بکەوێت و کوڕەکەم، شەھید زێرەڤان، یەکێک بوو لەو پێشمەرگانەی بۆ بەرگری لە ڕۆژئاوای کوردستان لەگەڵ ھێزەکانی پێشمەرگە چووە کۆبانێ و لە ڕۆژی ٢٠/١/٢٠١٥ شەھید بوو، چۆن ئەو ڕۆژە جەرگی خۆم پێشکەش بە کورد و کوردستان کرد، شانازی بە شەھیدبوونی کۆڕەکەمەوە دەکەم و ئێستاش ئامادەم کۆڕی دیکەم بۆ پاراستنی خاکی کوردان ڕەوانەی پارچەکانی دیکەی کوردستان بکەم."


kdp-
Top