هەڵسووڕاوێکی دیاری گۆڕان: تەزویر و پارە نەبێ یەکێتی ھێزێکی بچووکە
بەرھەم مستەفا، ھەڵسووڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند: "بزووتنەوەی گۆڕان بێ کەموکورتی نییە، چونکە ھەموو حزبێک کێشەی ناوخۆی ھەیە، بەڵام ئەگەر گۆڕان کێشەیەکی ھەبێت، ئەوە شتێکی ئاساییە، چونکە ھەوڵێکی جدی لە ئارادایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی گۆڕان“.
ھەڵسووڕاوەکەی گۆڕان ئەوەشی خستە ڕوو کە ھەندێک جار باسی ناکۆکییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەکرێت، بەڵام جیاوازی بۆچوون و ناکۆکیەکانی ناو گۆڕان “وەکوو جیاوازی ھەندێک لایەنی سیاسی نییە کە پەیوەندیی بە بەرژەوەندیی مادییەوە ھەبێت”. گوتیشی: ”بێگومان ھەڵوێست و ناکۆکییەکانی گۆڕان زیاتر لەچوارچێوەی بۆچووندا ڕەنگدانەوەی ھەیە و خۆی لە بەھێزکردنی بزووتنەوەی گۆڕان دەبینێتەوە“.
روونیشی کردەوە، کە قۆناغی سیاسەتکردن لە ھەرێمی کوردستان، قۆناغێکی نوێ نییە، خەڵکێک ئەگەر لەناو گۆڕاندا خۆی ڕابھێنێت، بێگومان ئەو کەسانە درێژەیان بە سیاسەتی خۆیان داوە، بەڵام ئەگەر خەڵکێک تێبینییان ھەبێت “بۆ خۆیان ئازادن”، کاتێکیش کە وازدێنن، یان بەپێچەوانەوە.
بەرھەم مستەفا، ھەڵسووڕاوی گۆڕان، ئاماژەی بەوەش دا، دروستکردنی ئەو فەوزایەی کە گوایە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، “ھێزێکی براوەیە، دوورە لە ڕاستییەوە”، چونکە “ھەموو لایەک دەزانن، کە ئەگەر یەکێتی تەزویر و پارەی لێ وەربگریتەوە، ھێزی زۆر بچووک دەردەکەوێت”. دەشڵێت: ”ناکرێت لەسەر بنەمای بەھێزی و لاوازی سەیری بکەین، ئەگەر لەسەر ئەو بنەمایە سەیری بکەین، یەکێتی دونیایەک کێشەی ناوخۆیی و باڵی جیاوازی ھەیە، بۆیە گۆڕان لاواز نەبووە و بگرە ھەوڵی بەھێزکردنەوەی خۆی دەدات“.
باسنیوز
