ڤیان سەبری: ناوی كاندیدی خۆمان پێشكەش كردووە، چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆكان دەكەین

	 ڤیان سەبری: ناوی كاندیدی خۆمان پێشكەش كردووە، چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆكان دەكەین
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو هەشت وەزارەتەی ماون دەنگیان لەسەر بدرێت، لایەنەكان لە گفتوگۆدان. دەشڵێ: "وەرگرتنی پۆستی وەزارەتێكی دیكە لە حكوومەتی نوێی عێراقدا، بە مافی خۆمان دەزانین و سیڤیی بەربژێری خۆیشمان پێشكەش كردووە".

ئێوارەی رۆژی 24ی ئۆكتۆبەر، دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ دەنگدان بە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق بەڕێوە چوو و، 14 وەزیر متمانەی پەرلەمانیان بە دەست هێنا و دەنگدان بۆ 8 وەزارەتیش بۆ ڕێككەوتی 6ی مانگی دابێ دوا خرا.

سەبارەت بە یەكلاكردنەوەی ئەو 8 وەزارەتەی ماون، د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پاش ئەوەی لە دانیشتنی حەفتەی ڕابردوودا 14 وەزارەت پەسەند كران و 8 وەزارەتیش ماون، لە ئێستادا گفتوگۆ بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو وەزارەتانە بەردەوامە بۆ ئەوەی تا رۆژی 6ی مانگی دابێ ئەو 8 وەزارەتەیش پەسەند بكرێن‌."‌

پارتی دیموكراتی كوردستان لەو 14 وەزارەتەی هاتنە پەسەندكردن، دوو وەزارەتی بەركەوت، لەوانەش وەزارەتی دارایی و ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون. لەبارەی وەرگرتنی وەزارەتێكی تریش لەلایەن پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، د. ڤیان ڕوونی كردەوە: "بە گوێرەی خاڵ و بەدەستهێنانی كورسی لە هەڵبژاردن، وەك پارتی دیموكراتی كوردستان بە مافی خۆمانی دەزانین وەزارەتێكی دیكە لەو هەشت وەزارەتەی ماون وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەیش ناوی كاندیدی خۆمان پێشكەش كردووە و چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆكان دەكەین."

پێوەست بە پێشكەشكردنی بەرنامەی پارتی بۆ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی، سەبری گوتی :"دوای ئەوەی جێگری سەرۆكی پەرلەمان حەسەن كەریم كەعبی لەگەڵ سەرۆكی فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمان دانیشت بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەرنامەی حكوومەت و چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەرنامەكە، ئێمەیش وەك پارتی بەرنامەی خۆمان پێشكەشی كرد، بۆ ئەوەی بیدات بە سەرۆكوەزیران، چونكە كارنامەكە بۆ 100 رۆژە، لەگەڵ ئەوەیشدا لیژنەیەك دروست كراوە لە سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان بۆ چاودێریكردنی جێبەجێكردنی بەرنامەكە، لە نێو لیژنەكانی پەرلەمانیشدا، یەكێكیان لیژنەی بەدواداچوون و جێبەجێكردنی بەرنامەی حكوومەتە".
kdp-
Top