ئاو لە بەنداوی مووسڵەوە گەیاندرایە سەنتەری شاری دھۆک
زیاد عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری ئاو و ئاودێریی پارێزگای دھۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە پڕۆژەی ئاوی بەنداوی مووسڵ بۆ بەنداوی دھۆک بە درێژاییی ٣٢ کیلۆمەتر ئاو لە چەمبەرەکاتی سەر بەنداوی مووسڵەوە دەگاتە سەر چیای سپیڕێزی دھۆک و دواتر تێکەڵ بە ئاوی بەنداوی دھۆک دەکرێت. پڕۆژەکە لەتوانایدایە ساڵانە چواردە ملیار مەتری سێگوشە ئاو بگەیەنێتە بەنداوی دھۆک، کە جگە لە لایەنی گەشتوگوزاری، لە ڕێگەی خەزانێکەوە ئاوێکی زۆر بۆ بەکارھێنان گل دەدەرێتەوە."
لەبارەی وشکبوونی بەنداوی مووسڵەوە، کە وەک باس دەکرێت بە ھۆی گلدانەوەی ئاو لە لایەن تورکیاوە مەترسی بۆ سەر بەنداوی مووسڵ دروست بووە، بەڕێوەبەری ئاودێریی دھۆک دەڵێت: "ئێمە لە پڕۆژەکەدا ئەو مەترسییەمان لەبەرچاو گرتووە، لەبەر ئەوەش، داوامان لە حکوومەت کردووە، بڕی ٣٣٠ ھزار دۆلارمان بۆ دابین بکات تا لەو مەترسییە ڕزگارمان بێت و ئەو کێشەیە چارە بکرێت."
زیاد عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەی ڕاکێشانی ئاو لە بەنداوی مووسڵەوە بۆ سەنتەری شاری دھۆک سوودێکی زۆری بۆ دانیشتوانی شاری دھۆک دەبێت و لە ڕووی ھەبوونی ئاوەوە پارێزگای دھۆک دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، کە پێشتر ئەو ڕێژەئاوەمان لە سەنتەری شاری دھۆک نەبوو بۆ ئەوەی بەکاری بێنین."
kdp-
