قوباد تاڵەبانی لە دەرگای پارتی دەداتەوە
بەپێی زانیارییەکان، لە دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن، قوباد تاڵەبانی چەندان جار هەوڵی لەگەڵ بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان داوە، تاوەکوو لێدوان و هەڵوێستەکانی ساتی بانگەشەی هەڵبژاردنی وەک بەشێک لە ململانێکانی بانگەشەی هەڵبژاردن وەربگرن نەک وەک ستراتیژ، بەو ئامانجەی لە کابینەی داهاتووی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا پێگەی پێشووی پێ بدرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی پارتی بێهیوایان کردووە و ئەوەیان بەبیر هێناوەتەوە کە چوونە ژێر کاریگەریی گرووپی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر و گوتاریان لە دژی پارتی، بە تاکتیکێکی کاتی سەیر ناکرێت.
لەمبارەیەوە ئومێد خۆشناو، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: ”ئێمە لە کاتی بانگەشەی ھەڵبژاردن سەرسوڕمانی خۆمان ڕاگەیاند، پێشمان گوت کە ئەوەی دەیکات کارێکی دروست نییە و لە لای خەڵکیش قەبووڵ ناکرێت، تۆ چەند ساڵێک لە پۆستێکدا بیت، کە پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتە و بێی بۆ بەدەستھێنانی چەند دەنگێک، بەو شێوازە بدوێیت و تێکەڵی خەڵک بیت، چونکە خەڵک باوەڕت پێ ناکات لە کامەیانی“.
ڕوونیشی کردەوە: ”ئەوە بانگەشە تەواو بوو، ئیدی چوار ساڵی دیکەمان لە پێشە، ئەو بەڕێزە دێت کام قسە دەکات؟ ئەوانەی پێش یان ناو ھەڵمەتی هەڵبژاردن یان ئێستا کە دەیەوێت چوار ساڵ لە ناو حکوومەت پۆستی ھەبێت؟“.
ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد کە پارتی و خودی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ھاوکار و پشتیوانی قوباد تاڵەبانی بوون. تەنانەت قوباد تاڵەبانی لەنێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا کە حزبی خۆی بووە، ”ئەو پشتیوانییەی ئەوەندەی پشتیوانیی نێچیرڤان بارزانی لێ نەکراوە“. ئەوەشی ئاشکرا کرد: ”سەرۆک وەزیران ھەمیشە ڕێنمایی ئێمەی کردووە لە فراکسیۆنی پارتی و ھەموو ئەو تیمەی لە حکوومەتیش ھەبووە کە پشتیوانی لە قوباد تاڵەبانی بکەن و ھاوکاری بن و ھەر جۆرە ئیشکردنێک کە قوباد تاڵەبانی دەستی بۆ ببات، وای حیساب دەکەین کە ئەوە خودی نێچیرڤان بارزانییە“.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان ئەوەی دووپات کردەوە کە ئەو بانگەشەیەی قوباد تاڵەبانی بۆ هەڵبژاردن کرد، بووە هۆی ئەوەی پشتیوانییەکان لەدەست بدات و ”ئاسان نییە بەو شێوازەی ڕابردوو مامەڵەی لەگەڵدا بکرێتەوە“.
باسنیوز
