پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بانگهێشتی دادگا دەكرێت
د. ئەمیر خواكەرەم، قایمقامی شەرعیی داقووق، لەمبارەوە ئەمڕۆ شەممە 27/10/2018 ڕایگەیاند: "دەربارەی دوورخستنەوەم لە پۆستی قایمقامی داقووق لەسەر فەرمانی راكان سەعید، پارێزگاری سەپێندراوی كەركووك، ڕەتم كردەوە و پاشان لە دادگای فیدڕالی سكاڵام تۆمار كرد و لە دانیشتنی یەكەمی دادگاییكردنەكە راكان سەعید ئامادە نەبوو، ئێستاش بە فەرمانی دادگا، دادگادگاییكردنەكە دواخرا بۆ 5/11/2018".
گوتیشی: "ئەگەریش راكان سەعید خۆی ئامادە نەبێت، دەتوانی پارێزەرەكەی بنێرێت و ئێستا راكان سەعید گوتوویەتی كە لەسەر بڕیاری ئەنجومەنی قەزا فەرمانی دوورخستنەوەمی دەركردووە لەسەر ئەوەی من پێش 16ی ئۆكتۆبەری ڕابردوو ئاڵای كوردستانم لە داقووق هەڵكردووە و ڕیفراندۆم لە داقووق ئەنجام دراوە و ئێستا دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بەوەی كە بەرپرسان لە پارێزگای كەركووك ئاڵای كوردستانیان هەڵكردبێت، یاخود ریفراندۆمیان ئەنجام دابێت، ڕەت كردووەتەوە ".
قایمقامی شەرعیی داقووق، ڕاشی گەیاند: "هاوكات لە دادگا سكاڵام لەسەر سەرۆكی ئەنجومەنی قەزای داقووقیش كردووە و دەبێ ئەویش لە دادگا ئامادە بێت تاوەكوو ڕوون ببێتەوە بۆچی فەرمانی دوورخستنەوەمیان لە پۆستەكەم دەركردووە".
لە 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 میلیشیاكانی حەشدی شەعبی شارۆچكەی داقووقیان بە رێككەوتن لەگەڵ گرووپێكی خیانەتكار داگیر كرد و دۆخی ئەمنیی ناوچەكە تێك چوو و پاشان قایمقامی شەرعی لەسەر داوای ئەنجومەنی شارۆچكەی داقووق و بە فەرمانی راكان سەعید پارێزگاری سەپێنراوی كەركووك بڕیاری دوورخستنەوەی دەركرد و ئێستاش قایمقام لە دادگا سكاڵای یاسایی لەسەر دوورخستنەوەكەی لە راكان سەعید تۆمار كردووە.
باسنیوز
