بەشیر حەداد: دەبێ بارودۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە

 بەشیر حەداد: دەبێ بارودۆخی کەرکووک ئاسایی بکرێتەوە
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا دەکات بارودۆخی شاری کەرکووک و ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکانیدیکە ئاسایی بکرێتەوە.



ئەمڕۆ شەممە 27/10/2018، د. بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە پرێس کۆنفرانسێکدا لە شاری هەولێر، رایگەیاند، لێژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە زیانەکانی لافاو لە باڵەکایەتی و هەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان پێک دێت.



بەشیر حەداد هەروەها رایگەیاند، کە دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، دەبێ هەردوو وەزارەتی دارایی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە بەشەبودجەی باری لەناکاو، قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەنەوە.



جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەبارەی ئاوارەکانی خورماتوو، کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکە، بەپێویستی زانی رێگا بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکرێ و تا کاتی گەڕاندنەوەشیان، هاوکاریی پێویست بکرێن.



بەشیر حەداد ئاماژەی بە ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان، کە لە ئەنجامی خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر ئاوارەبوون، کرد و رایگەیاند، ”دەبێ بارودۆخی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ئاسایی بکرێتەوە“.



ڕۆژی 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017، کەرکووک، خورماتوو و ناوچەکانی دەوروبەری كه‌وتنە ژێر ده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق، دواتر هه‌ریه‌ك له‌ كۆسره‌ت ڕه‌سوڵ عه‌لی، جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیی یه‌كێتی و شێخ جه‌عفه‌ر مسته‌فا، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ئاشكرایان كرد كه‌ گرووپێكی نێو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مه‌دا به‌رپرسیارن و ڕێككه‌وتنی ژێربه‌ژێریان له‌گه‌ڵ میلیشیاكانی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كردووه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ سه‌دان پێشمه‌رگه‌ و هاووڵاتی شه‌هید و بریندار بوون و نزیكه‌ی 200 هه‌زار كه‌سیش ئاواره‌ بوون.




باسنيوز
Top