فراكسیۆنی پارتی: سەرەكیترین كارمان هەوڵدانە بۆ جێبەجێكردنی ئەو مادە دەستوورییانەی فەرامۆش كراون
ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: "وەك فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، هەوڵەكانمان دەخەینە كار كە رۆڵمان هەبێت وەك چاودێر بەسەر حكوومەت و لە هەمانكاتدا لە دەركردنی یاسادا و ئێمە دەمانەوێت رۆڵمان لەناو لێژنە جیاجیاكانی پەرلەماندا هەبێت و سەرەكیترین كارمان ئەوە دەبێت ئەو مادە دەستوورییانەی كە فەرامۆش كراون و جێبەجێ نەكراون، ئێمە وا دەكەین كە بەگەڕ بخرێنەوە و جێبەجێ بكرێن بۆ ئەو مەبەستە هەوڵ دەدەین، چونكە بە جێبەجێكردنی ئەو مادانە ماف دەگەڕێتەوە بۆ هاووڵاتییانی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی".
ڕوونیشی كردەوە، هاوكات كار لەسەر بابەتی ناردنی شایستە دارایەكانی پێشمەرگە و جووتیاران، هەروەها ناردنی بڕە بوودجەی هەرێمی كوردستان کار دەكەین.
ڤیان سەبری، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئێمە كار دەكەین بۆ وەگەڕخستنەوەی یاسای بیمەی كۆمەڵایەتی و تەندروستی، هەروەها بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان حكوومەتی ناوەند و فیدڕاڵ لە هەموو بابەتەكاندا بخرێنەوە سەر ڕێچەكەیەكی ڕاست و هەوڵ بۆ دەركردنی یاسای چاودێریی تایبەت بۆ داهاتەكانی حكوومەت و ئەنجومەنی خزمەتگوزاریی گشتی دەدەین و لە بەرنامەماندایە كار بكەین بۆ قەرەبوكردنەوەی كەسوكاری شەهیدان و برینداران كە لە ئەنجامی كردەوە تیرۆریستییەكاندا بوونە قوربانی، ئەوانەی كە ئاماژەم پێكرد هەمووی لە چوارچێوەی دەستووردا هەیە، بەڵام پێویستە كاری لەسەر بكرێت و هەرچی مادە دەستوورییەكان هەیە، بە هاوكاریی لەگەڵ كوتلە سیاسییەكانی دیكەی عێراقی و كوردستانی كاری لەسەر دەكەین، بۆ ئەوەی بەرنامەی كارمان بەدی بهێنین".
باسنیوز
