حكوومەتی هەرێمی كوردستان پردى دەلال نۆژەن دەكاتەوە

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پردى دەلال نۆژەن دەكاتەوە

بەڕێوەبەرى شوێنەوارى زاخۆ رایگەیاند حکوومەتى هەرێمى کوردستان بڕى ٥٨٠ ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەى پردى دەلال لە زاخۆ تەرخان کردووە، ٧٥%ی پەیکەری پردەکە بەهەمان پێكهاتەی رەسەنی جارانی نۆژەن کراوەتەوە.


محەمەد ئەحمەد بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى شوێنەوارى زاخۆ ئاماژەی بەوە دا کار لەسەر ئەوە دەکەن لە ئایندەدا رێکخراوى یونیسکۆ ناوى پردى دەلال بخاتە لیستى شوێنەوارەکان.


ئەمڕۆ پێنجشەممە محەمەد ئەحمەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا گوتى "پردى دەلال تا ئێستە چوار جار نۆژەن کراوەتەوە، یەکەم نۆژەنکردنەوە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ١٩٤٠، هەروەها لە ساڵەکانى ١٩٧٠ و ١٩٨١ لەلایەن حکوومەتى ئەو کاتى عێراقەوە نۆژەن کراوەتەوە، دواى لێکۆڵینەوەیەکى زانستیانە بۆمان دەرکەوت نۆژەنکردنەوەکان بە چەندین مادە کراوە کە بەشێکى زۆرى لە هێما شوێنەوارییەکانى لەدەست داوە، خۆشبەختانە بۆ جارى چوارەم حکوومەتى هەرێمى کوردستان لە رێگاى چەندین تیمى پسپۆڕ بەشێوەیەکى زانستیانە نۆژەنکردنەوەى پردەکەى دەستپێکرد و سیماى راستەقینەمان بۆ پردەکە گەڕاندەوە".


بەڕێوەبەرى شوێنەوارى زاخۆ لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵو)ی توركی گوتی حکوومەتى هەرێمى کوردستان ٥٨٠ ملیۆن دیناری بۆ نۆژەنکردنەوەى پردى دەلال لە زاخۆ تەرخان کردووە، هەموو کارەکان تەواو کراون و ٧٥٪ى هەیکەلى پردەکە نۆژەن کراوەتەوە و کارى نۆژەنکردنەوەى هەیکەلى پردى دەلال لە قۆناخى کۆتاییە.


گوتیشی ئێستە هیچ مەترسییەک لەسەر رووخان و شێوانى ئەو پردە نەماوە، ئەو بەردانەى لە نۆژەنکردنەوەى پردەکە بەکار دەهێنن، هەمان جۆرى ئەو بەردانەیە کە یەکەم جار پردەکەى لێ دروست کراوە، دواى لێکۆڵینەوەیەکى زۆر ئەو بەردانەمان لە چیای گارە دەستکەوت. لە ئایندەیەکى نزیکدا ئەو سەدا ٢٥ى دیکەى هەیکەلى پردەکە نۆژەن دەکرێتەوە.

bas news-
Top