ڤیان سەبری: عەبدولمەهدی تێیدا هەیە بەشێك لە مافە دەستوورییەكان جێبەجێ بكات

	 ڤیان سەبری: عەبدولمەهدی تێیدا هەیە بەشێك لە مافە دەستوورییەكان جێبەجێ بكات
دانیشتنی دوێنێ شەوی ئەنجوومەنی نوێنەران بە پەسەندكردنی چەند وەزیرێك و بە كراوەیی بۆ چەند رۆژێكی دیكە كۆتایی پێ هات، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتییش دەڵێ، بە هۆی چەند سەرنجێكەوە لەسەر هەندێ كاندید دوا خرا، هاوكات تا رادەیەكیش گەشبینە بە كارنامەی عادل عەبدولمەهدی.

سەرۆكوەزیرانی نوێی عێراق و ١٤ وەزیری كابینەكەی، لە لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەند كران، د. ڤیان سەبری، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنەكە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆكاری دواخستنی دانیشتنی ئەنجوومەنەكەی ئاشكرا كرد، كە بە هۆی بوونی سەرنج لەسەر چەند كاندیدێك بووە بۆ وەرگرتنی وەزارەت، هاوكات تەواونەبوونی رێژەی یاسایی ئامادەبوونی ئەندامان، بەو هۆیەوە حەلبووسی دانیشتنەكەی بە كراوەیی بۆ ڕۆژی ٦ی١١ دوا خستووە، بڕیارە لەو ڕۆژەدا‌ بە تەواوی حكوومەتی نوێی عادل عەبدولمەهدی یەكلا بكرێتەوە‌.

لە دانیشتنەكەدا، ١٤ وەزیر و عادل عەبدولمەهدی وەك سەرۆكوەزیران لە لایەن ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەند كران و سوێندی یاساییان خوارد، هاوكات بە گوێرەی كارنامەی سەرۆكی حكوومەتی نوێ، جێگری سەرۆكوەزیران نامێنێت، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتییش ئاشكرای كرد، تەنیا وەزارەتە سیادییەكان راستەوخۆ دەسەڵاتی جێگری سەرۆكی حكوومەتیان دەبێت، وەك وەزارەتی دارایی و نەوت، ئاماژەی بەوەش دا كە كابینەی داهاتوو لە ٢٢ وەزارەت پێك دێت.

پێش دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بە مەبەستی دەنگدان بە كابینەی نوێی عەبدولمەهدی، سەرۆكی فڕاكسیۆنەكان لەگەڵ جێگری یەكەمی ئەنجوومەنی نوێنەران حەسەن كەریم كۆ بوونەوەتەوە، د. ڤیان سەبری هۆكاری دانیشتنەكە روون دەكاتەوە، كە كارنامەی حكوومەتی نوێ تاوتوو كراوە، هەندێ سەرنجیشیان لەسەر كارنامەكە هەبووە، وێڕای سەرنجەكانیش ناوبراو دەڵێ: "گەشتبینن بەوەی عادل عەبدولمەهدی تێیدا هەیە، سەرنجەكانی ئێمە بە هەند وەربگرێت، جێگری یەكەمیش سەرنج و تێبینییەكانی فڕاكسیۆنە كوردییەكانی وەرگرتووە، ئەوانیش وەكو فڕاكسیۆنی پارتی كارنامەی خۆیان پێشكەش كردووە، تا بیخەنە سەر كارنامەی حكوومەتی نوێ.

سەبری، هەروەها باسی لەوەش كرد، سەعات ٨ی شەو، عادل عەبدولمەهدی هاتووەتە ئەنجوومەنی نوێنەران و بەرنامەی خۆی خوێندووەتەوە، ئەوانیش پێشتر كارنامەی خۆیان كە پێك هاتووە لە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان، پێشكەش كردووە. ڤیان سەبری گەشبینیی خۆیشی ناشارێتەوە لە كارنامەی سەرۆكی كابینەی نوێی عێراق و گوتیشی: "عادل عەبدولمەهدی تێیدا هەیە كە بەشێك لە مافە دەستوورییەكان جێبەجێ بكات".
kdp-
Top