پارتی: پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە مافی خۆمان دەزانین

 پارتی: پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بە مافی خۆمان دەزانین
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەمافی خۆیان دەزانن و کاندیدیشیان بۆ ئەو پۆستە هەیە.

دانا شەھید جەزا، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی رايگەیاند، پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بەمافی پارتی دەزانن و پێویستە ئەو سێ وەزارەتە پشکی پارتی بێت.

ڕوونیشی کردەوە، بەھۆی نەمانی پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران، ”بە مافی خۆمانی دەزانین وەزارەتێکی سیادی و دوو وەزارەتی خزمەتگوزاریمان هەبێت“.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق ڕوونی کردەوە کە هەرچەندە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاندیدی بۆ پۆستی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ھەیە و تائێستا یەکلایی نەبۆتەوە کە ئەو وەزارەتە بۆ کێ دەبێت، بەڵام ”لێکتێگەیشتن ھەیە و گفتوگۆش دەکرێت لەسەر ئەو پرسە“.

ئەوەشی نەشاردەوە کە لە کۆتاییدا عادل عەبدولمەھدی بڕیار دەدات ئەو پۆستە بە کام لایەن دەدرێت. گوتیشی: ”ھەندێک گۆڕانکاری ھاتە ئاراوە، چونکە دوێنی باسی ھەندێ ناوی دیکە دەکرا، بەڵام دواتر ناوەکان گۆڕان، ھەروەھا باس لەوە دەکرا وەزارەتەکان دەکرێنە ٢٣ وەزارەت، بەڵام ئەوەش نەکرا“.

شەوی ڕابردوو، پەرلەمانی عێراق ١٤ وەزیری کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی پەسەند کرد و سوێندی یاساییان خوارد، بەڵام دواتر ڕێژەی یاسایی پەرلەمان تەواو نەکرا و بەو هۆیەوە دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ ڕۆژی ٦ی ١١ی ٢٠١٨ دواخرا.










باسنيوز
Top