عادل عەبدولمەھدی كارنامەی حكوومەت و سیڤیی بەشێك لە وەزیرەكانی پێشكەشی پەرلەمان كرد
سەبارەت بە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراق، شێروان دووبەردانی، پەرلەمانتاری فڕاكسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "شەوی ڕابردوو، عادل عەبدولمەھدی كاندیدی راسپێردراو بۆ حكوومەتی نوێی عێراق، كارنامەی حكوومەت كە لە ١٢٠ پەڕ پێك دێت لەگەڵ ٧٠%ی سیڤیی وەزیرەكان كە تەنیا چوار وەزیر نەبێت ئەوانیش زیاتر سیادین، رەوانەی پەرلەمانی كردووە و بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ھۆڵی دەستووری، كارنامە و سیڤیی وەزیرەكان پێشكەشی فڕاكسیۆنەكان بكرێت بۆ ئەوەی دیراسەی بكەن و سەعات ھەشتی ئێوارەی ئەمڕۆیش دەخرێتە بەرنامەی كارەوە و دەنگی لەسەر دەدرێت".
دووبەردانی گوتیشی: "ئێمە وەك فڕاكسیۆنی پارتی كە كارنامەی حكوومەت و سیڤیی وەزیرەكانمان وەرگرت، كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدەین و دیراسەی دەكەین و دواتریش رای خۆمانی لەسەر دەدەین، چونكە پێویستە بیبینین ئەوكات ھەڵوێستی خۆمان دیاری بكەین".
دەشڵێ: "تا ئێستا نازانین چەند وەزارەت بەر كورد كەوتوون و ھەر كاتێك سیڤییەكانمان بە دەست گەیشت، ئەو كات دیار دەبێت، چونكە سەركردایەتیی ئێمە بۆ رێككەوتن گفتوگۆی لەگەڵ لایەنەكاندا كردووە".
kdp-
