ئەنجوومەنی پارێزگاكان كەوتوونەتە بۆشایی یاساییەوە و چاوەڕوانی دەستبەكاربوونی پەرلەمانی نوێ دهكهن
ئەنجوومەنی پارێزگاكان، چوار ساڵیان تەواو كردووە و سێ مانگیش وادەكەیان بۆ درێژ كرایەوە، كە ئەویش تەواو بووە و ئەنجوومەنەكان بە نووسراوی فەرمی داوایان لە حكوومەت كردووە بڕیارێك لەبارەی كاری ئەوانەوە بدات، چونكە كەوتوونەتە بۆشایی یاساییەوە.
سەبارەت بەم پرسە، ئازاد كوورەچی، جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە ئێستادا ئێمە ناتوانین ھیچ كۆبوونەوەیەك بكەین و ھیچ بڕیارێكیش دەربكەین، تەنیا كاری ئیداریی خۆمان ئەنجام دەدەین، بۆیە پێویستە چارەنووسی ئەنجوومەنەكان یەكلا بكرێتەوە، ئەمەیش زیاتر بە پەرلەمان دەكرێت".
كوورەچی گوتیشی: "لەئێستادا چاوەڕێی ئەوە دەكەین پەرلەمانی نوێ دەستبەكار بێت و چارەنووسی ئەنجومەكان یەكلا بكاتەوە، بۆ ئەوەی تەمەنی درێژ بكاتەوە یاخود وادەیەك بۆ ھەڵبژاردن دیاری بكات، چونكە حكوومەتی ئێستا سەرقاڵە زۆر بە پێكھێنانی حكوومەتی نوێی عێراق و ئەنجامەكانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان".
دەشڵێ: "ئێمە لە بۆشاییەكی یاساییداین و ناكرێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت و پێویستە ئەو پرسە یەكلا بكرێتەوە، ئینجا لەلایەن حكوومەتەوە بێت یاخود پەرلەمان، بەڵام ئەمە لەبەر ئەوەی یاساییە، پێویستە زیاتر پەرلەمان یەكلای بكاتەوە".
kdp-
