نێچیرڤان بارزانی: هانی كەرتی تایبەتی بیانی لە هەرێمی كوردستان دەدەین
سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە 24/10/2018، نێچیرڤان بارزانی لە كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندێكی ئەنجوومەنی بازرگانیی ئەمەریكا ـ كوردستان، كە لە نوێنەرانی (30) كۆمپانیای بواری جیاجیای بازرگانیی ئەمەریكا پێك هاتبوو، سوپاسی سەردانەكەیان و هاوكارییە مرۆیی و سەربازییەكانی ئەمەریكای بۆ هەرێمی كوردستان كرد، كورتەیەكیشی دەربارەی بارودۆخ و هۆكاری قەیرانانەكان و بەرەوپێشچوونی ئەم دواییەی بواری ئابووری لە هەرێم خستە ڕوو، هەروەها بە ئومێدەوە باسی لە بەرەوپێشچوونی ڕەوشی هەرێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا، شاندی میوان دەستخۆشییان لە هەوڵە سەركەوتووەكانی حكوومەتی هەرێم بۆ تێپەڕاندنی دۆخی سەخت و قەیراناویی هەرێمی كوردستان كرد و قوربانیدانی خەڵك و پێشمەرگەی كوردستانیان لە شەڕی دژی تیرۆردا بەرز نرخاند، هەروەها ئاماژەیان بەوە دا كە دەرفەتی لەبار لە هەرێمی كوردستان هەیە بۆ پەرەپێدانی ژێرخانی ئابووری و هاتنی سەرمایەداران، یاساكانی حكوومەتی هەرێمیش لەو بارەیەوە هاندەر و فاكتەری بەهێزن. نوێنەرانی كۆمپانیاكانی ئەمەریكا، هەریەكەیان بەپێی پسپۆڕییەكانیان باسیان لەو بوارانە كرد كە دەتوانن لە هەرێمی كوردستاندا كاری تێدا بكەن.
تاوتووكردنی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی ناوچەكە و چەند تەوەرێكی پەیوەست بە پێكهێنانی هەردوو كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.
kdp-
