کابینە تازەکەی حکوومەتی عێراق بە پێشێلکاری دەست بەکار دەبێ

 کابینە تازەکەی حکوومەتی عێراق بە پێشێلکاری دەست بەکار دەبێ
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بەپێی ڕێکارەکان، دەبووایە ٤٨ کاتژمێر پێش کۆبوونەوە، بەرنامەی کاری کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقمان پێبدرایە، بەڵام ”لەوەشدا پێشێلکاری کرا“.

ڕێبوار عەبدولڕەحمان، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتى ڕايگەیاند: "ئێمە لە بەغداین و سەرقاڵی لێکۆڵینەوە و تاوتوێکردنی بەرنامەی کاری حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدین، بۆ ئەوەی بزانین تا چەند داواکارییەکانی ئێمەی تێدایە کە پێشتر گفتوگۆمان لەسەر کردووە".

ئەو پەرلەمانتارە کوردە نەیشاردەوە کە لە یەکەم ھەنگاوی پێکھێنانی حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەھدیدا، پێشێلکاری کراوە و ئاشکرای کرد: "بەپێی ڕێکارەکان، دەبووایە ٤٨ کاتژمێر پێش کۆبوونەوە، بەرنامەی کارمان پێ بدرایە، بۆ ئەوەی بە وردی تاوتوێی بکەین، بەڵام دوای کاتژمێر ٩ی شەوی ڕابردوو، بەرنامەی کارمان پێ گەیشتووە و ئێستاش سەرقاڵی تاوتوێ کردنین“.

ئەوەشی خستە ڕوو، عادل عەبدولمەھدی لە ١٢٠ لاپەڕەدا بەرنامەی کاری خۆی پێشکەش کردووە، بەرنامەکەش بۆ ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٢ە، ھەروەھا بڕیاریە کاتژمێر ٨ی ئێوارە کۆبوونەوەی لەسەر بکرێت.










باسنيوز
Top