یەکێتی قینی کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە بەرپرسێکی ئاسایشی هەولێر دەڕێژێت

 یەکێتی قینی کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە بەرپرسێکی ئاسایشی هەولێر دەڕێژێت
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و میدیاکانیشی، دوای ساڵێک تێپەڕبوون بەسەر ڕزگارکردنی نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووک لە پیلانێکی تیرۆرکردن کە گرووپە خیانەتکارەکەی نێو یەکێتی کاریان بۆ دەکرد، هەوڵی لەکەدارکردنی بەرپرسێکی ئاسایشی هەولێر دەدەن.

پاش ئەوەی لە ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨، ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی ٤ هاووڵاتی و ٢ کارمەندی ئاسایشی لەسەر کونکردنی نەوت لە سنووری پارێزگای هەولێر ڕاگەیاند. یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و میدیاکانی ئەو حزبە و پەرلەمانتارانی، بانگەشەی جۆراوجۆر لە دژی نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر و بارزان قەساب، جێگری بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر بڵاو دەکەنەوە کە دوایین دەنگۆیان پەرلەمانتارێکی حزبەکە بە میدیای فەرمیی یەکێتی ڕاگەیاندووە، گوایە بارزان قەساب لەسەر دۆسیەی کونکردنی بۆڕییە نەوتەکە فەرمانی گرتنی بۆ دەرکراوە، بەڵام دەستگیر نەکراوە.

بەپێی زانیارییەکان، هۆکاری بە ئامانجگرتنی بارزان قەساب لەلایەن یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و میدیاکانی، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەو بەرپرسەی ئاسایشی هەولێر لە کاتی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، چووەتە ناو کەرکووک و نەجمەدین کەریم، پارێزگاری شەرعیی کەرکووکی لەو هێزە ئەمنییەی سەر بە خیانەتکارانی نێو یەکێتی ڕزگار کردووە کە پیلانی تیرۆرکردنی ناوبراویان هەبووە.

هاوکات (باسنیوز) زانیویەتی کە لە کاتی هێرشەکەی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبی لە پردێ کە هێزێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش کە ئەوکاتە لەژێر فەرمانی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا بوون، بەشدارییان کرد، بەرپرسەکەی ئاسایشی هەولێر ڕۆڵی لە بەرگریکردندا گێڕاوە، بۆیە ئێستا لەلایەن یەکێتییەوە کراوەتە ئامانج.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر (باسنیوز) بڵاوی کردەوە، لە کاتێکدا لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان ئەو کەسانە دەستگیر دەکرێن کە بە نایاسایی مامەڵە بە سامانی سرووشتییەوە دەکەن، کەچی لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا ئەو نەوتە لەبەرژەوەندیی گرووپێکی نێو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەکار دێت و کەسیش لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ناکات.

لەم چوارچێوەیەدا غالب محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، لە سلێمانی داهاتی نەوت ”دەچێتە گیرفانی بنەماڵەی تاڵەبانی“ و ”یەکێتی دەستی بەسەر ئەو داهاتەدا گرتووە“. بۆیە بە پێویستی زانی سنوورێک بۆ ئەم بەتاڵانبردنەی نەوت دابنرێت.

لای خۆیەوە زیاد کاکە ڕەزا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ڕایگەیاند: ”نەوت سامانێکی نیشتمانی و گشتییە و ھی ھەموو تاکێکی ئەم وڵاتەیە، بۆیە نابێت خەڵک بۆی ھەبێت نەوت بە بۆڕی کونکردن، یان دزی، یان بە تانکەر بفرۆشێت، بەڵکو دەبێ ھەموو فرۆشتنێکی نەوت لە ڕێگای حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بێت“. جەختیشی کردەوە کە وەک چۆن ڕێگە لە بەتاڵانبردنی نەوت لە هەولێر دەگیرێت، لە سلێمانیش و شوێنەکانی دیکەش هەمان کار بکرێت.

لەلایەن خۆیەوە ئاواز حەمید ئەفەندی، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و ناوخۆ و ئەنجومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی کوردستان کە هاوکات ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانە، ڕایگەیاند، بابەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەوانەی سامانی سرووشتی بەتاڵان دەبەن، شتێکە پەیوەندی بەو پارێزگا و ئەم پارێزگایەوە نییە، بەڵکوو پەیوەندی بە هەموو هاووڵاتییانی کوردستانەوە هەیە و دەبێ حکوومەت لە هەموو لایەکەوە هەوڵی ڕێگەلێگرتنی بداتەوە و بابەتەکە نەخرێتە قاڵبی دیکەوە. هەر بابەتی کونکردنیش نا، بەڵکوو بابەتەکانی دیکەی بەتانکەر گواستنەوەش و هەموو بوارەکانی دیکە دەبێ چاودێری بکرێن و ڕێگە نەدرێ بەتاڵان ببرێن.









باسنیوز
Top