د. محەممەد خورشید: لایەنێکی کوردی تەنەزولاتێکی زۆریان بۆ عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک کردووە

	 د. محەممەد خورشید: لایەنێکی کوردی تەنەزولاتێکی زۆریان بۆ عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک کردووە
بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیێنێت، لایەنێکی کوردی "تەنەزولی زۆریان بۆ عەرەب و تورکمانەکانی شارەکە کردووە، تەنیا لە پێناو وەرگرتنی پۆستی پارێزگاردا"، سەرۆکی لیستی برایەتییش دەڵێ، مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی نوێ و رادەستکردنەوەی سوڵتەی عورفی بۆ مەدەنی دەکەن.

سەبارەت بە کۆبوونەوەی لایەنێکی کوردی لەگەڵ پێکهاتەی عەرەب و تورکمانی شاری کەرکووک لەمەڕ وەرگرتنی پۆستی پارێزگار، د. محەممەد خورشید بەرپرسی لقی٣ـی پارتی لە پارێزگای کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایەگەیاند: "ئەو لایەنە گەر بۆی بچێتە سەر هەمان سیناریۆی یەکلاکردنەوەی سەرۆککۆمار بۆ وەرگرتنی پارێزگاری کەرکووک جێ بە جێ دەکات".

ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان زانیویەتی، لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا شاندێکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هەمان ئەو شاندەی کە بەر لە یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار چووبوونە بەغدا، لەگەڵ بەرەی تورکمانی و لایەنە عەرەبییەکانی کەرکووکدا کۆ بوونەوەتەوە. ئامانجی کۆبوونەوەشیان، ڕازیکردنی ئەو دوو پێکهاتەیە لە شارەکە بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک.

خورشید ئەم زانیارییە پشتڕاست دەکاتەوە و گوتی، کە "تەنازولێکی زۆریان بۆ تورکمان و عەرەب کردووە"، بەوپێیەی تەنیا پۆستی پارێزگاریان پێ بدرێت، وەک خورشید ئاماژەی بۆ کرد، تا ئێستا ئەو دوو لایەنە نەچوونەتە ژێر باری ئەو "تەنەزولاتـ"ـانەی ئەو لایەنە کوردییە لەو پارێزگایە و گوتیشی: "ئەو لایەنە کوردییە ئامادەییی خۆیان دەربڕیوە بە پێدانی هەموو پۆستەکان بەو دوو پێکهاتەیە، تەنیا ئەوان رازی بن پۆستی پارێزگاریان بدەنێ".

بابەتی کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و هەوڵدان بۆ کۆکردنەوەی ئەندامانی و ئەنجامدانی کۆبوونەوە بەهەر میکانیزمێک بێ، دەمێکە کاری لەسەر دەکرێت و محەممەد کەمال لەوبارەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەوان لەگەڵ ئەوەدان "سوڵتەی عورفی" لەو شارە رادەستی "سوڵتەی مەدەنی" بکرێتەوە، هاوکات بۆ کاراکردنەوەی ئەنجوومەنەکە و چارەکردنی دۆخەکە لەگەڵ حکوومەتی نوێی عێراقدا مامەڵە دەکەن.

دەنگۆی گەڕانەوەی چەند بەرپرسێکی ئیداریی لە کەرکووک کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانن، بەرپرسی لقی ٣ـی پارتی زانیاریی دا، کە تەنیا بەڕێوەبەری پەروەردە گەڕاوەتەوە.
وەک د. محەممەد خورشید دەڵێ گەڕانەوەی ئەو بەڕێوەبەرەی پەروەردەی خوێندنی کوردی لە شارەکە، بۆ بڕیاری وەزیری پەروەردی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەگێڕێتەوە و گوتیشی، "هیچ پەیوەندی بە دەزگاکانی حکوومەتی عێراقەوە نییە، بڕیارێکی حزبییش نییە"، ئەو روونی دەکاتەوە، "لە کۆبوونەوەی وەزیری پەروەردە لەگەڵ بەرپرسانی پەروەردە لە پارێزگای کەرکووک و دوزدا، بە باش زانەراوە بگەڕێنەوە، بەپیویستزانیی گەڕانەوەشیان بە هۆی درووستبوونی کێشەی خوێندنی زمانی کوردیی لە کەرکووک و دوزە، تا لە نزیکەوە ئاگاداریان بن و ئەو کێشانەی هاتوونەتە پێش چارەیان بکەن."
kdp -
Top