کەرتی وەبەرھێنانی کوردستان گەشە دەکات

	 کەرتی وەبەرھێنانی کوردستان گەشە دەکات
ئەمساڵ ڕەوشی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ھەنگاوی بەرەوگەشەکردن ناوە و سەرۆکی دەستەی گشتیی وەبەرھێنانیش دەڵێ، پێشوازی لە هەر کۆمپانییەکی بیانی دەکەن کە بیهەوێت لە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکات. شارازایەکی کەرتی وەبەرھێنانیش پێی وایە، وەبەرھێنانی بیانی ڕۆڵی ھەیە لە گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان لە ھەر وڵاتێکدا.



بڕیارە ژمارەیەک کۆمپانیای بیانی لە بواری وەبەرھێناندا سەردانی ھەرێمی کوردستان بکەن، لەوانەش چەندین وەبەرھێنەری وڵاتی سعوودیا ئامادەییان نیشان داوە بۆ وەڕێخستنی پڕۆژە لە ھەرێمی کوردستان. لەوبارەیەوە، دکتۆر نووری عوسمان، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان بە وەکالەت، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پێشتر وەبەرھێنەرانی سعوودی سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە بۆ ئەوەی کۆمپانیاکانی سعوودیا وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام ھێشتا بە یەکجاری نەھاتوون، تەنیا شاندەکە ھاتووە تا ڕەوشی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ببینێت."



کۆسرەت بەشار، شارەزای کەرتی وەبەرھێنان، لە لێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ھاتنی وەبەرھێنەری بیانی کاریگەریی زۆر دەبێت لەسەر گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان، چونکە دەرفەتێکی زێڕین لەپێشە بۆ ئەوەی دوای قەیرانی دارایی و شەڕی داعش بتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین."



لەبارەی ھاتنی کۆمپانیای وڵاتانی دیکەوە، دکتۆر نووری عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "وەبەرھێنەری دیکەی بیانی ھاتوون بۆ ھەرێمی کوردستان، بەڵام دەیانەوێت لە کەرتی نەوت و گازدا وەبەرھێنان بکەن، ئەوەش وردەکارییەکەی لای وەزارەتی سامانە سرۆشتییەکانە تا بزانین چۆن ڕێک دەکەون و لە کوێ وەبەرھێنان دەکەن."



کۆسرەت بەشار دەشڵێت: "ھاتنی وەبەرھێنەری بیانی ھۆکارێکە بۆ ئەوەی کواڵێتیی ژیان لە ھەرێمی کوردستان بەرەو باشتر بچێت، لەبەر ئەوەی باشبوونی ڕەوشی مووچە تەنیا کاریگەریی لەسەر ئەوە دەبێت ھاووڵاتی بتوانیت بژیت، بەڵام گەشەکردنی کەرتی وەبەرھێنان و بەتایبەتی وەبەرھێنانی بیانی ھۆکارە بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە ژیانی ھاووڵاتییاندا ڕوو بدات، بۆ نموونە، وڵاتێکی وەک سەنگافۆرە لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا ھاووڵاتییەکانی لەبرسان دەمردن، بەڵام ئێستا یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە جیھاندا نموونەی سەرکەوتنە، ئێمەش پێویستیمان بەو ئەزموونە پێشکەوتووەی جیھان ھەیە."
kdp-
Top