لە سەیدسادق دەست بەسەر 33 ماتۆرسکیلی بێسەرەتادا گیرا
ئەمڕۆ سێشەممە 23/10/2018، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ڕاگەیاندراوێکی لە پەیجی فەرمیی خۆی، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاو کردەوە، تێیدا ھاتووە: "پاش تۆمارکردنی چەندین سکاڵا لەلایەن دانیشتوانی شارۆچکەی سەیدسادقەوە، بەھۆی بێزاربوونیان لە ھاتوچۆی ماتۆرسکیلی بێسەرەتا، بە فەرمانی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی حەسار و سەیدسادق، توانییان دەست بەسەر 33 ماتۆرسکیلی بێسەرەتادا بگرن".
باس لەوەش کراوە، ھاوکات مەفرەزەکانی ھەردوو بنکە چەند ھەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینیان لە چەند گازینۆ و کافتریایەکدا ئەنجام دا و دەستیان گرت بەسەر ژمارەیەک چەقۆ و بۆکسخەنجەردا.
ھەر لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، بە تۆمەتی لێخوڕینی ماتۆرسکیلی بێسەرەتا و ھەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت، توانرا تۆمەتبارێک بەپێی مادەی 21ی چەک دەستگیر بکرێت و ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە.
باسنيوز
