یەکێتی هەموو تەنازولێک بۆ عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک دەکا

 یەکێتی هەموو تەنازولێک بۆ عەرەب و تورکمانەکانی کەرکووک دەکا
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەو شاندەی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر کە ئێستا بەناوی حزبەکەوە گفتوگۆ بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەن، هەموو سازشێکیان بۆ عەرەب و تورکمانەکانی شارەکە کردووە، تەنیا لە بەرامبەر ڕازیبوونیان بە پێدانەوەی پۆستەکە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەست کەوتووە، پاڤڵ تاڵەبانی، یەکێک لە سەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەری نێو یەکێتی کە ئێستا بە ناوی تەواوی حزبەکە دانوستان بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکەن لە کاتێکدا هەر خۆیان ساڵێک لەمەوبەر تەواوی پارێزگاکەیان بە پۆستەکەشەوە ڕادەستی عێراق کرد، لە ماوەی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەردەوام گفتوگۆیان لەگەڵ عەرب و تورکمانەکانی کەرکووک کردووە.

سەرچاوەکە ئاشکرای کرد کە لەو گفتوگۆیانەدا یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموو سازشێک (تەنازول)ێکیان کردووە بۆ عەرەب و تورکمانەکان و بە سەرجەم مەرجەکانیان ڕازی بوون، تەنیا بۆ ئەوەی لە بەرامبەردا یارمەتیدەریان بن تاوەکوو بتوانن ڕێکارەکانی دانانی کاندیدێکی سەر بە گرووپە خیانەتکارەکەی ١٦ی ئۆکتۆبەری یەکێتی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک تەواو بکەن.

هەر لەمبارەیەوە کاوە ئەحمەد، کارگێری لقی کەرکووکی پارتی، ڕایگەیاند: "گرووپی خیانەتکارانی ١٦ی ئۆکتۆبەر و بەدیاریکراویش پاڤڵ تاڵەبانی و لاھوور جەنگی و ئاسۆ مامەند، کار بۆ دانانی پارێزگارێکی سەر بە خۆیان لە کەرکووک دەکەن“.

کاوە ئەحمەد جەختی کردەوە کە شاندی یەکێتی لەگەڵ بەرەی تورکمانی و لایەنە عەرەبییەکان کۆبوونەتەوە و عەرەب و تورکمانەکان دەیانەوێت کارەکانی پارێزگاری داھاتوو ئەگەر لەسەری رێک بکەون، سنووردار بکەن، بە جۆرێک ھەر بڕیارێکی پارێزگار دەبێ ڕەزامەندیی جێگرەکەشی تیدابێ و سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاش دسەڵاتێکی ڕەھای ھەبێ، ”واتە پارێزگارێکی بێ دەسەڵات دادەنرێت، ئەگەر ئیتر ھەر کەسێک بێت".

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە سەروبەندی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، ئاراس جەنگی، یەکێک لە سەرانی خیانەتەکە بە میدیاکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی ڕاگەیاند، ناوی پارێزگاری نوێی کەرکووکی لە گیرفاندایە، کەچی زیاتر لە ساڵێکە پۆستەکە بە وەکالەت لەلایەن کەسێکی عەرەبی شۆڤێنییەوە بەڕێوە دەبرێت و لە ئەنجامی خیانەتەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشدا، ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی کورد لە کەرکووک دژوارتر دەبێت.










باسنیوز
Top