باندێکی بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە گەرمیان دەستگیر کران
عوسمان عەبدولكەریم، بەرپرسی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، ڕایگەیاند: "پاش ئەوەی زانیاریی تەواو دەست هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بە بوونی باندێكی چەتە و بازرگانیكردن و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر لە سنووری شاری كەلار و دوای چاودێریكردن و كۆكردنەوەی زانیاریی ورد و بەدواداچوونی تەواو بۆ ئاشكراكركردن و جموجۆڵی ئەو باندە، دوێنێ 22/10/2018 لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی گەرمیان و یاریدەدەرێتیی ئاسایشی كەلار و بنكەی ئاسایشی قۆرەتوو، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوە توانرا لە كێوماڵكردنی ئەو سنوورەی باندەكە جموجۆڵیان تێدا دەكرد 5 تۆمەتبار دەستگیر بكرێت".
گوتیشی "سەرجەمی دەستگیركراوەكان كوردن و دانیشتووی شاری كەلار و دەوروبەرین و دەست گیراوە بەسەر حەشارگەكەیاندا لە سنووری گوندی (سەنگەر) كە لەناو قامیشەڵان و دارەكاندا لەسەر ڕووباری سیروان درووستیان كردبوو وەكوو لانكەیەك بۆ ڕاوڕووت و بازرگانیكردن و بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر بەكاریان هێناوە".
ڕوونیشی كردەوە "لە هەڵمەتەكەدا دەست گیراوە بەسەر چەند پارچە چەكێكدا لە جۆرەكانی (كڵاشنكۆف و دەمانچە و چەكی ئەڵمانی) لەگەڵ بڕێك مادەی هۆشبەر لەجۆری تلیاك و حەشیش و جلی سەربازی و قەمە و 2 ئۆتۆمبێل و 2 ماتۆڕسكیل".
ئاشكراشی كرد "دوان لە دەستگیركراوەكان لەلایەن دادگاوە داوا كراون و پێشتر بەتۆمەتی بەكارهێنانی مادەی هۆشبەر سزا دراون و پاش بەسەربردنی ماوەی سزاكەیان ئازاد كراون".
باسنیوز
