هۆشیار عەبدوڵا: یەکێتی بە تەزویر یەکەمبوونی قوباد تاڵەبانی لە هەڵبژاردن مسۆگەر کرد

 هۆشیار عەبدوڵا: یەکێتی بە تەزویر یەکەمبوونی قوباد تاڵەبانی لە هەڵبژاردن مسۆگەر کرد
هۆشیار عەبدوڵا، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕای گەیاند، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ساختە یەکەمبوونی قوباد تاڵەبانی لە هەڵبژاردندا مسۆگەر کردووە.



لە نووسینێکیدا لە پێگەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک)، هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان، کۆمەڵێک ڕەخنەی ئاراستەی لایەنەکان کردووە و سەرەتا لەبارەی پارتییەوە وەک سەرجەم سەرکردەکانی دیکەی گۆڕان کە بۆ ڕاگرتنی دڵی یەکێتی، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بە ساختەکاری تۆمەتبار دەکەن، هەوڵی داوە گومان بخاتە سەر ڕێژەی دەنگەکانی پارتی.



لەبارەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیشەوە، هۆشیار عەبدوڵا نووسیویەتی، یەکێتی ئامانجی سەرەکی بریتی بوو لەوەی قوباد تاڵەبانی دەنگی یەکەم بهێنێت لە سەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، ”ئیشی بە مانشێتێک بوو بڵێ قوباد یەکەمە، ئیدی حزبەکە چەند دێنێ زۆر گرنگ نەبوو“. ئەوەشی ئاشکرا کرد کە یەکێتی ئەو مانشێتەی ”بە تەزویر مسۆگەر کرد و کێشەی نەما“.



جەختیشی کردووەتەوە کە هەرچەندە یەکێتی خۆی بە سەرکەوتوو و براوە دەزانێت، بەڵام کورسییەکانی ناگەتە نیوەی کورسییەکانی پارتی. ،



لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەیدا ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان باسی لە بزووتنەوەکەی خۆی کردووە و گوتوویەتی: ”گۆڕان نیوەی دەنگەکانی دۆڕاندووە، دۆڕاوی ھەرە دیاری ھەڵبژاردنەکانە، کەچی رێکخەر و خانەی راپەراندنەکەی دەیانەوێت ھەمووی بدەنە پاڵ تەزویر و بایکۆتی خەڵک و نایەنەوێ ئاشکرا و ڕوون دان بەو هەڵانەدا بنێن کە بووەتە ھۆی ئەوەی دەنگەکانی گۆڕان بۆ نیوە بێتە خوارێ“.


هەر لە نووسینەکەیدا هۆشیار عەبدوڵا باسی نەوەی نوێی کردووە و نەیشاردووەتەوە: ”نەوەی نوێ بە تەمای یەکەمی بوون، پارتییان بە مونافسی خۆیان دەزانی نەک یەکێتی و گۆڕان، کاندیدیان ھەبوو بۆ سەرۆکی حکوومەت، نە یەکەم بوون، نە دووەم بوون، نە سێھەم، نە توانیان دەنگی پارتی کەم بکەنەوە و نە ھی یەکێتی، لە وەدا سەرکەوتووبوون کە دەنگی گۆڕان بە شێوەیەکی بەرچاو ببەن، فیعلەن یەکێک لە ھۆکارەکانی دابەزینی دەنگی گۆڕان بوونی نەوەی نوێ بوو، ئێستا دەڵێن ئێمە لە سفر دەنگەوە ھەشت کورسیمان ھێناوە، ئەوە سەرکەوتنێکی بەرچاوە“.



















باسنيوز
Top