کورد داوای پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت و 4 وەزارەتی کردووە
وا بڕیارە لەم هەفتەیەدا، عادل عەبدلمەھدی، راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەتی عێراق، کابینە نوێیەکەی لەناو پەرلەمانی عێراقدا رابگەیەنێت، کە تەنیا مۆڵەتی 10 رۆژی دەستووریی لەبەردەمدا ماوە. بەڵام کورد گلەیی لەوە هەیە، کە بەپێی حەقەبەشی خۆی پۆستی وەزاریی پێ نەدراوە کە بەپێی رێژەی کورسییەکانی بەدەستھاتوو لە پەرلەمانی عێراق بێت، دەبێت پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەت و پێنج وەزارەتی بەرکەوێت.
میدیا عێراقییەکان ئاشکرایان کردووە، کە رێککەوتنێکی گشتی لەسەر ئەوە هەیە کە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی، سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، لە 23 وەزارەت پێک بێت، 13 وەزارەت بۆ شیعەکان و 5 وەزارەت بۆ سوننە و 3 وەزارەتیش بە کورد بدرێت، دوو وەزارەتی دیکەش بۆ کەمینەکان بێت. بەپێی زانیارییەکان، لەم کابینە نوێیەدا، نۆ وەزارەت بۆ کوتلەی ئیسڵاح و ئیعماری سوننە و (سائیروون، نەسر، حیکمە و وەتەنییە)ی شیعەکان و نۆ وەزارەتی دیکەش بۆ کوتلەی بینای سوننە و (دەوڵەتی یاسا و فەتح)ی شیعەکان بەیەکەوە دەدرێت، تەنیا سێ وەزارەتیش بۆ کوتلە کوردستانییەکان دانراوە و وەزارەتێکیش دەدرێت بە مەسیحییەکان و تورکمانەکانیش لە چوارچێوەی وەزارەتەکانی کوتلەکانی ئیعمار و ئیسڵاح و بینا، پۆستی وەزارییان پێ دەدرێت، لەگەڵ پێدانی وەزارەتێکی دیکە بە کەمینەکانی دیکەی عێراق.
(باس) زانیویەتی، لەو سێ وەزارەتەی کە بڕیارە بە کورد بدرێت، دوو وەزارەتیان بۆ پارتی و یەکیان بۆ یەکێتی دەبێ، کە بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری، پارتی هەر یەك لە وەزارەتەكانی دارایی و كۆچ و كۆچبەران و یەكێتییش وەزارەتی دادی پێ دەدرێت.
پێوەند بەم بابەتە، سەرچاوەیەکی باڵای سیاسی لە کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، ئەگەر دابەشکردنی پۆستەکان بەو شێوەیە بێت کە بڵاو کراوەتەوە، ئەوە سەرەتایەکی باش نابێ بۆ حکوومەتی ئایندەی عێراق، نەخاسمە بۆ عادل عەبدولمەھدی کە تا ئێستاش بە دۆستی نزیکی سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان ناسراوە و پەیوەندییەکانی باش بوون لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
لای خۆیەوە، دانا جەزا، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) ئاشکرای کرد، لە پشكی كورددا لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق، پارتی پۆستێكی وەزارەتی سیادی و وەزارەتێكی خزمەتگوزاریی بەر دەكەوێت و گفتوگۆش كراوە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆك وەزیران، كە پشكی پارتییە.
دانا جەزا ئاماژەی بەوە دا، بڕیاری ئەوە هەیە لەم هەفتەیەدا، دانیشتنی پەرلەمان ئەنجام بدرێت و كۆبوونەوەیەكی تایبەت بۆ پەسەندكردنی كابینە وەزارییەكەی عادل عەبدولمەھدی ساز بكرێت، بەڵام تا ئەمڕۆ ئەجێندای بەرنامەی كۆبوونەوەی پەرلەمان دیاری نەكراوە، گوتیشی: “سێ وەزارەت حەقەبەشی کورد نییە و
بەپێی ژمارەی کورسییەکان بێت، بەلایەنی کەمەوە چوار وەزارەت و پۆستی جێگری سەرۆکی حکوومەتیشی بەردەکەوێ، بەڵام ھاوشێوەی بودجە، پێشێلکاری لەو مافەی گەلی کوردستاندا کراوە”.
پەرلەمانتارەكەی پارتی جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە، تا ئێستا ئەو پۆستە وەزارییانەی بە كورد دەدرێن، بە شێوەیەكی كۆتایی دیاری نەكراون، گوتیشی: «بەپێی رێژەی كورسییەكانی پەرلەمان، كورد لە سەدا 18ی پۆستە وەزارییەكانی بەردەكەوێت، كە چوار پۆستی وەزاری دەكات، ئەوەی ئێستا باسی لێوە دەكرێت كە سێ پۆستی وەزارییە، ناهەقی بەرامبەر كورد تێدایە و پێویستە لەوبارەیەوە گوشار هەبێت، لەو بەشەی بەر كورد دەكەوێت پارتی دیموكراتی كوردستان پۆستێكی وەزارەتی سیادی و وەزارەتێكی خزمەتگوزاری بەردەكەوێت و گفتوگۆش كراوە لەسەر پۆستی جێگری سەرۆكوەزیران، كە پشكی پارتییە».
لای خۆشیانەوە، مەسعود حەیدەر، پەرلەمانتاری خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق بۆ (باس) رای گەیاند، بەپێی مادەی 76 بڕگەی چوار لە دەستووری عێراق، دەبێ سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو بەرنامەی کابینە حکوومییەکەی و ناوی وەزیرەکانی بخاتە بەردەست پەرلەمانی عێراق و یەک بە یەک دەنگیان لەسەر بدرێت. گوتیشی: “پێشکەشکردنی کابینە حکوومییەکە بەناتەواوی پەیامێکی نەرێنییە بۆ رای گشتی و دەلالەتی هەبوونی
کێشەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی وەزارەتەکان، کە دەگوترێ هەمووی بە یەکەوە لە یەک دانیشتندا کۆتایی نایەت، لەبەر ئەوە باشتر وایە عادل عەبدولمەھدی، چاوەڕوانی تەواوکردنی دانوستانی پێکھێنانی حکوومەتەکەی بێت و لە ماوەی دەستووریدا، بە یەک جار متمانەیان پێ بدرێت، کە رۆژی دووی نۆڤەمبەر دوا رۆژی متمانەپێدانە بە کابینەکەی، بەپێی دەستووری عێراق”.
مەسعود حەیدەر، سەبارەت بە پشکی کوردیش لە کابینەکەی عادل عەبدولمەھدی، گوتی: “دەبێ ڕێژەی کورد لە حکوومەت هەمان رێژە بێت کە لە ئەنجوومەنی نوێنەران هەیە کە 19٪یە، لەسەر ئەم بنەمایە دەبێ کورد وەزارەتێکی سیادی و سێ وەزارەتی خزمەتگوزاری وەربگرێت، لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری”.
جێی باسە، رۆژی شەمە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕاڵیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.
باسنيوز
