ئاکادیمی و پارێزەران: هاونیشتمانیان كوردستانێكی بەهێزیان دەوێ، بۆیە دەنگیان بە پارتی دا
سەبارەت بە دەنگدانی كوردستانیان بە پارتی، یاریدەدەری پڕۆفیسۆر دكتۆر كەیوان ئازاد، بڕوای وایە كە هاووڵاتیانی كوردستان بە هۆی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و بەدیهێنانی ئەو خەونە بۆ گەلی كورد و پاراستنی قەوارەی هەرێمی كوردستان لە خیانەتەكەی ١٦ـی ئۆكتۆبەر و ڕۆژانی دوایی، لەم هەڵبژاردنەدا دەنگیان بە پارتی دا، خەڵکیش ئەمڕۆ خزمەت و ئارامی و ئاسوودەیی دەوێت و بێزار بوون لە ململانێی سیاسی و هاشوهووشی بەردەوام و نانەوەی كێشە، بۆیە دەنگدەران، پارتی دیموكراتی كوردستانیان هەڵبژارد".
پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان متمانەی نزیکەی نیوەی هاووڵاتیانی كوردستانی بە دەست هێناوە، كەیوان ئازاد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "زۆرینەی دەنگی پارتی لە هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك بووە، بۆیە پێویستە كار بكات لەسەر ئەوەی دەنگی لە پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەكانی گەرمیان و ڕاپەڕین زیاد بكات، هەروەها بتوانێت ئەو پڕۆژانەی لە بەرژەوەندیی گشتین، بە بێ دروستكردنی هیچ گرفتێك، جێبەجێیان بكات".
لەبارەی كەمكردنی كورسیی ئەو حیزبانەی بەردەوام باسی بەرەی گەلیان دەكرد، دكتۆر كەیوان ڕایگەیاند: "حیزبەكانی دیكەی كوردستان لە ماوەكانی ڕابردوو ئەو پڕۆژە و قسانەی دەیانكرد، جگە لە درووشم، لە ئەرزی واقیعدا نەیانتوانی هیچیان جێبەجێ بكەن، بۆیە دەنگدەرانیان متمانەیان پێیان نەماوە و لە ٣٠ـی ئەیلوولدا دەنگیان پێ نەدانەوە".
پارێزەر كارزان سەلام، دەڵێ: "ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و بەدەستهێنانی ٤٥ كورسیی پەرلەمانی لەلایەن پارتییەوە، گەورەترین سەركەوتنە بۆ گەلی كوردستان كە دەنگیان بە حكوومەت و پەرلەمانێكی بەهێز داوە بۆ چوار ساڵی ئاییندە، وەك قۆناخەكانی تری بزاڤی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان كە پارتی بەهێز بووە، ئەوا گەلەكەمان بەهێز بووە، بۆ چوارساڵی ئاییندەیش كوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و جیهاندا، پێگەی بەهێزتر دەبێت."
سەلام گوتی: "ئەو متمانە گەورەیەی گەلی كوردستان لە ٣٠ـی ئەیلوول بە پارتییان دا، ئەوە پادداشتی ئەو پڕۆژە نەتەوەییە گەورەیە بوو كە ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستانە و پاراستنی كوردستان لە هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعش و میلشیاكانی حەشدی شەعبییە كە دەیانویست ئیرادەی گەلی كوردستان بشكێنن و وڵاتەكەمان داگیر بكەن، بەڵام پارتی بە ڕێبەرایەتیی سەرۆك بارزانی ئیرادەی دوژمنی تێك شكاند و كوردستانیانی بە سەربەرزییەوە هێشتەوە".
ئەو پارێزەرە، هەروەها پێی وایە: "پارتی لە چوار ساڵی دابێ، كار بۆ كوردستانێكی بەهێز دەكات، ئەمەیش بە دروستكردنی حكوومەتێكی بەهێز و جێبەجێكردنی ئەو كارنامە دەوڵەمەندەی لە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكاندا خستییە بەردەستی دەنگدەران".
kdp-
