چاپخانەیەکی چاپکردنی کارتۆنی دەرمان و خواردنی ساختە دەستی بەسەردا گیرا

 چاپخانەیەکی چاپکردنی کارتۆنی دەرمان و خواردنی ساختە دەستی بەسەردا گیرا
پۆلیسی شاری هەولێر دەستی بەسەر چاپخنەیەکدا گرت، کە کارتۆنی دەرمان و خواردنی ساختەی چاپ دەکرد.

بەپێی زانیارییەکان، خاوەنی چاپخانەکە هاووڵاتییەکی عەرەبی سوورییە و کرێکارەکانیش عەرەبی عێراقین و لە چاپخانەکەیدا، کارتۆن و پاکێتی هەموو جۆرە دەرمان، خواردن و جوانکارییەکی ساختەی بە کاتی دروستکردن و ئێکسپایەربوونی ساختەوە دروست کردووە.

نەبەز حەمید، قایمقامی هەولێر بە (کوردستان 24)ی راگەیاندووە، لەو چاپخانەیەدا، دەستیان بەسەر چەندین پاکێتی نایاساییدا گرتووە، کە بەپێی خواستی بازاڕ لەسەر دەرمان و خواردنەکان، ناوی وڵاتی دروستکەریان گۆڕیوە.

نەبەز حەمید هەروەها رایگەیاندووە، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەهێشتنی تاوانی رێکخراو لە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان چاودێریی چاپخانەکەیان کردووە و ئاشکرا کراوە.

قایمقامی هەولێر جەختی لەوە کردووەتەوە، کە پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ئەو کەیسە کردووەتەوە و رەوانەی دادگا دەکرێت و دادگا بڕیاری کۆتایی لەبارەی چاپخانەکە و خاوەنەکەی دەدات.











باسنيوز
Top