وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان جەخت لەسەر بەردەوامیی مەشقەکان دەکەنەوە

 وەزارەتی پێشمەرگە و هاوپەیمانان جەخت لەسەر بەردەوامیی مەشقەکان دەکەنەوە
ئەمینداری گشتیی هێزی پێشمەرگە ڕای دەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان بەرپرسانی وەزارەت و هاوپەیمانان جەخت لەسەر بەردەوامیی مەشقەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان کرایەوە.

فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان لە ئەکاونتی خۆی و لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبەوک) پۆستێکی کردووە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەمڕۆ ٢٢\١٠\٢٠١٨ لە هەولێر بە سەرپەرەشتیی سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە و چەند بەرپرسێکی سەر بە وەزارەت لەگەڵ نوێنەری هاوپەیماناندا کۆبوونەوەی ئاسایی هاوپەیمانی دژ بە داعش ئەنجام دراوە.

ئەوەشی خستە ڕوو کە ڕاپۆرتی بەشەکان خوێندراونەتەوە و تیشک خراوەتە سەر ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق، ئاشکراشی کرد: "بە گوێرەی ڕاپۆرتەکان جموجوڵی تیرۆریستانی داعش بەردەوامە، بەو هۆیەشەوە چەندین کەس کوژراون و بریندار بوون".

بەپێی ئەو پۆستەی ئەمینداری گشیتی هێزی پێشمەرگە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر هەماهەنگیی نێوان هێزەکانی پێشمەرکەی کوردستان و سوپای عێراق کراوەتەوە، ئەوەش لەپێناو سنووردارکردنی جموجۆڵی داعش و گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان.

فەریق جەبار یاوەر لە پۆستەکەیدا باس لەوە دەکات، کە بەرنامەی مەشق و ڕاهێنانەکان هەم لەلایەن بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە و هەم بەرپرسانی هاوپەیمانانەوە جەختی لەسەر کرایەوە و نووسیویە: "سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بە پێویستی زانی ئەو پرۆسەیە بەردەوام بێت، لەگەڵ ئەوەشدا داوا لە بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کراوە پابەندی ڕێنماییەکانی کاتی مەشقەکان بن".











باسنيوز
Top