شێخ جەعفەر: پێکھاتەکانی خانەقین داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن

 شێخ جەعفەر: پێکھاتەکانی خانەقین داوای گەڕانەوەی پێشمەرگە دەکەن
بەرپرسێکی پارتی ئاشکرای دەکات، جگە لە کوردەکان، عەرەب و پێکھاتەکانی دیکەی خانەقینیش داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ناوچەکەیان دەکەن.

شێخ جەعفەر مستەفا، بەرپرسی لقی ١٥ی خانەقینی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕايگەیاند: "دۆخی ناوچەکە تا دێت بەرەو خراپی دەچێت و باش نابێت، چونکە لە چەند شەوی ڕابردوودا چەند کەسێک بە شێوازی جۆراوجۆر کوژراون، حەشدی شەعبی خۆیان ئەو کارانە دەکەن و خەڵکی دیکەشیان لەگەڵدایە، بەڵام بە ناوی داعشەوە دەیکەن".

ڕوونیشی کردەوە: "ئەو کەسانەی لەو ناوچانە دەکوژرێن، یان ئەوەتا دۆستی کوردن، یان داوای گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ ناوچەکانیان دەکەن و بەشێکی زۆری گوندەکان چۆڵ کراون و ئاژاوەکان قووڵ بوونەتەوە و شەڕ گەیشتووەتە ناو شاری خانەقین، ئەگەر کەسێکیش بیەوێت تۆڵە بکاتەوە، لەژێر ھەر ناوێک بێت، دەیکات“.

ئەو بەرپرسەی پارتی جەختی لەوە کردەوە کە تاکە چارەسەر، گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە، واتە وەک پێش ١٦ی ئۆکتۆبەر، ئەگەر پێشتر خەڵک بە جۆرێک تەماشای پێشمەرگەی کردبێت، ئەوا ”ئێستا بە کۆڵ پێشمەرگە دەگێڕن و نانی خۆیانی پێ دەدەن، چونکە ھەموویان عەزابی زۆریان بەدەست حەشدی شەعبی و ھێزە عێراقییەکانەوە چەشتووە، ئەوان زیاتر لە کوردەکان چاوەڕێی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە دەکەن".











باسنيوز
Top