وادەی پێشکەشکردنی کابینەکەی عەبدولمەهدی بە حکوومەت ئاشکرا بوو
بەپێی هەواڵێکی (شەفەق نیوز)، 11- 13 وەزیری بێ لایەن لە حکوومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەداری راسپێردراو بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق، هەن.
ئەو ماڵپەڕە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردووەتەوە، کە عادل عەبدولمەهدی رۆژی چوارشەممە 24/10/2018 کابینەی حکوومەتەکەی بە 15 وەزارەت پێشکەشی پەرلەمانی وڵاتەکەی دەکات بۆ پەسەندکردنی.
تا ئێستا حزب و لایەنە سیاسییە عێراقییەکان لەسەر پۆستی وەزیرە سیادییەکانی نەوت، دارایی، ناوخۆ، دەرەوە، پلاندانان و بەرگری رێک نەکەوتوون و پێ دەچێت عەبدولمەهدی کابینەکەی بەبێ ئەو وەزارەتانە پێشکەشی پەرلەمان بکات.
دوای نزیکەی پێنج مانگ لە هەڵبژاردن، رۆژی 2/10/2018 لایەنە عێراقییەکان رێککەوتن لەسەر راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی، سیاسەتمەدار و سەرکردەی پێشووی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، کە بەپێی دەستوور، ماوەی یەک مانگی لەبەردەستە بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکەی.
رۆژی شەممە 12/5/2018 پرۆسەی دەنگدانی گشتی لە هەڵبژاردنی خولی چوارەمی پەرلەمانی عێراق لەو وڵاتە و هەرێمی کوردستان ئەنجام درا و رۆژی 19/8/2018ش دادگای فیدڕالیی عێراق ئەنجامەکەی پەسەند کرد.
باسنیوز
