ئەنجوومەنی كۆمسیاران: ھەڵبژاردن شەفافانە و بێلایەنانە بەڕێوە چوو
سەبارەت بە راگەیاندنی ئەنجامی كۆتاییی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، ئەندامی ئەنجوومەنی كۆمسیاران لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، سەیاح كوورەچی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە گوێرەی یاسای ژمارە چواری ساڵی ٢٠١٤، كۆمسیۆن دوای راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی لە سێ رۆژنامە ئەنجامەكان بڵاو دەكاتەوە و دوای رۆژێك لە بڵاوكردنەوە، ئەو لایەنانەی كە ناڕازین مافیان ھەیە لە ماوەی سێ رۆژدا تانەی لێ بدەن، بۆیە ئەمڕۆ ئەنجامەكان لە سێ رۆژنامە بڵاو كراونەتەوە و سبەی تانەدان دەست پێدەكات".
كوورەچی، گوتیشی: "كە سێ رۆژ تەواو بوو، ئەوكات دادگا ماوەی حەوت رۆژی لە بەردەستە بۆ ئەوەی تانەكان یەكلا بكاتەوە و پەسەندی دەكات و بۆ ئێمەی رەوانە دەكاتەوە، ئێمەیش ئەوكات ڕایدەگەیێنین".
دەشڵێ: "ئێمە وەك كۆمسیۆن زۆر لە پڕۆسەی ھەڵبژاردن ڕازین و زۆر شەفافانە بەڕێوە چوو، بەوەی كە لای كۆمسیۆن ھیچ كێشەیەك نەبووە و ساختەكاری نەكراوە و ئەوەی گلەییشی ھەیە بۆ پێشتر قسەیان نەدەكرد، چونكە ھەمووان چاوەڕێیان دەكرد كورسییان بەر بكەوێت، ئەگەر نا ئەوانەی ناڕازین و باس لەوە دەكەن كە لە ٢٠ی ئەم مانگەوە كێشە ھەبوو، گەر راست دەكەن بۆ بێدەنگ بوون، بۆیە كۆمسیۆن شەفافانە و بێلایەنانە و سەربەخۆیانە كاری خۆی كردووە".
ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی كۆمسیاران، هەروەها ڕوونیشی كردەوە: "پێنج لایەنی سیاسی لە كۆمسیۆن بەشدارن، كە ھەمووان پێكەوە چاودێریی پڕۆسەكەیان دەكرد و ھیچ كێشەیەك نەبووە لە كۆمسیۆن و لە كاتی دەنگدانیشدا خەڵك دەنگی داوە و مافی خۆیشیەتی دەنگ بە كێ دەدات و بە كێ نادات".
kdp-
